Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 06:20

چەند پێگەیەکی حەشدی شەعبی لە بابل و ئەنبار کرانە ئامانج

کوردستان TV
100%


چەند پێگەیەکی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی بابل و ئەنبار کەوتنە بەر هێرشی ئاسمانی، بەپێی زانیارییە سەرەتایییەکان هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە لە نیوەشەودا ، چەند پێگەیەکیان لە دوو ناوچەی جیاواز کراونەتە ئامانج. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لیوای 45 لە ناوچەی جورفولنەسر لە پارێزگای بابل بە 3 هێرشی ئاسمانی کراوەتە ئامانج، هاوکات پێگەیەکی لیوای 31 لە ناوچەی کەرمە لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ئەنبار هێرشی کراوەتە سەر. حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا هێرشەکانی بە "بەزاندنی سەروەری" ناوبردووە و جەختی کردووەتەوە کە سەرەڕای ئەم هێرشانە، هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ئەرکە ئەمنییەکانیان بۆ پاراستنی سەقامگیری.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە ماوەیەکە گرژییەکانی نێوان گروپە چەکدارەکان و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕووی لە هەڵکشان کردووە. زۆرجار ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک وەڵامێک بۆ هێرشە مووشەکییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە دەکرێنە سەر بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان، پێگەکانی حەشد و گروپەکانی دیکە دەکاتە ئامانج. ناوچەکانی جورفولنەسر و کەرمە بەهۆی شوێنە ستراتیژییەکەیانەوە، چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی لەم شێوەیە بوونەتەوە، ئەمەش حکومەتی عێراقی خستووەتە بەردەم فشارێکی زۆر بۆ دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.