وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی لە دهۆک کرد و پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دووپات کردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 28ـی ئادار، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوە پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک و جەختی لەوە کردەوە کە ئەنقەرە پشتیوانی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات.
لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی وەزیری دەرەوەی تورکیای کرد بۆ پەیوەندییەکەی و هەڵوێستی تورکیا لە ئیدانەکردنی هێرشەکەدا. هەروەها هەردوولا دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانیان بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی گشتی کردەوە.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتێکدایە، کە بەئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک، شەپۆلێکی فراوانی ئیدانەکردنی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و وڵاتانی ناوچەکەش نیگەرانیی خۆیان لە تێکچوونی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق دەربڕیوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.