Erbil 31°C شەممە 13 حوزەیران 04:47

 فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕێنمایی نوێ بۆ ڕووماڵکردنی شوێنە زیانلێکەوتووەکان بڵاودەکاتەوە

کوردستان TV
100%

حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند مەرج و ڕێکارێکی نوێی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دیاری کرد تاوەکو بە شێوازێکی پڕۆفیشناڵ و مرۆیی، وێنەی وێرانکارییەکان و قوربانیانی هێرشەکان بە جیهان بگەیەنن.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگادارییەکی بۆ سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دیجیتاڵ میدیا بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەسەر پابەندبوون بە چەند پڕۆتۆکۆڵێکی تایبەت دەکاتەوە.

بەپێی ڕێنماییەکان، پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ڕووماڵەکانیاندا جەخت لەسەر چیڕۆکی قوربانییان و لایەنە مرۆییەکان بکەنەوە و هێرشەکان وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی نیشان بدەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە توندی وێنەگرتنی پان (Wide Shots) و دیاریکردنی شوێنی جوگرافیی بەئامانجگیراو قەدەغە کراوە، هەروەها بەکارهێنانی درۆن و وێنەگرتنی چاڵی تەقینەوە و پاشماوەی مووشەکەکان قەدەغەیە.

فەرمانگەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ڕووماڵەکان دەبێت تەنیا لەو شوێن و کاتانەدا بن کە لەلایەن تیمە ئەمنییەکانەوە دیاری دەکرێن، بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی ڕۆژنامەنووسان و ڕێگریکردن لە گەیاندنی زانیاری بە نەیاران.

هەر سەرپێچییەک لەم ڕێنماییانە، دەزگاکە و ڕۆژنامەنووسەکە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی توند دەکاتەوە، کە لەسەر بنەمای بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دەرچووە.

بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 29-3-2026، نوێنەری دەزگاکان سەردانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بکەن بۆ وەرگرتنی ڕێکارە تەکنیکییەکان.

ئەم ڕێنماییانەی حکوومەتی هەرێم لە کاتێکدایە، کە بەهۆی پەرەسەندنی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، پێویستییەکی زۆر بە ڕێکخستنەوەی گوتاری میدیایی و پاراستنی زانیارییە ئەمنییەکان هەیە، تاوەکو میدیاکان ببنە هۆکاری گەیاندنی دەنگی مەزڵوومییەتی گەلی کوردستان بە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.