لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی سووتەمەنی، پڕۆسەی دابەشکردنی غازی ماڵان لە شاری هەولێر و دەوروبەری بە سیستەمی "کارتی زیرەک" بەردەوامیی هەیە و تا ئێستا پێنجەم وەجبەی غاز بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش کراوە.
نەبەز سواری عەزیز سەرپەرشتیاری کارگەی غازی حکوومی لە هەولێر بە رێبین مەجید پەیامنێری کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتی کارگەی غازی حکوومی لە هەولێر، لە ڕێکەوتی 11ی ئازارەوە تا ئێستا نزیکەی 95 هەزار بتڵ غاز بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش کراوە. لە نوێترین هەنگاویشدا، دابەشکردنی 9 هەزار و 45 بتڵ غاز لە سنووری پارێزگای هەولێر و قەزا و ناحیەکانی دەستی پێکردووە و پرۆسەکەش بەردەوامی هەیە".
نەبەز سواری عەزیز گوتی: پڕۆسەکە لە ڕێگەی 400 بریکاری ڕێپێدراوەوە ئەنجام دەدرێت و هاووڵاتییان دەتوانن بە بەکارهێنانی کارتی زیرەک، هەر بتڵێک غاز بە نرخی 8 هەزار و 500 دینار وەربگرن. تا ئێستا نزیکەی 40٪ی دانیشتووانی هەولێر لەم پڕۆسەیە سوودمەند بوون و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی تەواوی هاووڵاتییان بگرێتەوە.
سەرپەرشتیاری کارگەی غازی حکوومی لە هەولێر دەڵێت: ئەو هاووڵاتییانەی نیشتەجێی هەولێرن و سەر بە ناوچەکانی ماددەی 140ن دەتوانن بە مەبەستی وەرگرتنی کارتی غاز، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بکەن، بە مەرجێک کارتی زانیاری و پشتگیری ئاسایشیان پێبێت.
جێی ئاماژەیە، لە ئێستادا لەپێناو دابینکردنی پێداویستی ماڵان، تەنیا غازی ماڵان دابەش دەکرێت و لە قۆناغەکانی داهاتووشدا کار بۆ ڕێکخستنەوەی غازی بازرگانی (بۆ چێشتخانە و فڕنەکان) دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.