دوای نزیکەی مانگێک لە ڕاگرتنی جموجۆڵەکان بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە، دەروازەی سنووریی کێلێ بە ڕووی هاتوچۆی بازرگانیدا کرایەوە، بڕیارە لە هەفتەی داهاتووشدا هاتوچۆی گەشتیارانیش دەست پێ بکاتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە 25ـی ئادار، عەباس عەزیز، بەڕێوەبەری گومرگیی ڕاپەڕین بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕەوشی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی کێلێ لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئاسایی بووەتەوە و بەدرێژایی ئەمڕۆ زیاتر لە 40 بارهەڵگر دێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە، کە لە حاڵەتی ئاساییدا تا 230 بارهەڵگر دەتوانن بێنە ناوەوە.
سەبارەت بە هاتوچۆی گەشتیارییش بەڕێوەبەری گومرگیی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو هاتوچۆی گەشتیارییش لە دەروازەی سنووریی کێلێ ئاسایی بکرێتەوە.
دەروازەی سنووریی کێلێ لە سنووری پشدەری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، دەروازەیەکی سنووریی بازرگانی و گەشتیارییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە سەرەتای ئەم مانگەوە بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران داخرابوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.