Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 11:35

دەم پارتی راگەیەنراوێک لەبارەی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی کوردستان بڵاو دەكاتەوە

کوردستان TV
100%

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە ئەمڕۆ كرایە سەر بارەگایەكی هێزی پێشمەرگە و بەهۆیەوە 6 پێشمەرگە شەهید بوون و دەیان پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.

دەم پارتی لە پەیامێكدا رایگەیاند: سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان و تەواوی گەلی کوردستان دەکەین، ئەم هێرشە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی سیاسیی هەرێمی کوردستان و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکەیە.

هەر لە پەیامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە ئامانجیان پەلکێشکردنی خاکی کوردستانە بۆ ناو جەنگ و ململانێ، بەڵام "ئەم هەوڵانە هیچ کات ناگەنە ئامانج و گەلی کورد هەمیشە بۆ ئاشتییەکی سەربەرزانە تێکۆشاوە و لە تێکۆشانیش بەردەوام دەبێت".

هاوکات، داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەکان و ڕای گشتیی جیهان کراوە کە هەڵوێستێکی ڕوون و بڕیاردەر بەرامبەر ئەو هێرشانە وەربگرن کە دەکرێنە سەر گەلی کورد، هەروەها دووپاتیش کراوەتەوە کە هاوسۆزی و پشتیوانییان بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە دوو هێرشی جیاوازدا بە 6 مووشەکی بالستی کۆماری ئیسلامی ئێران، هێرشکرایە سەر بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چیای سپیلك لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

بەپێی ڕاگەیەنراوی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە، لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا 6 پێشمەرگە شەهیدبوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.