Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 09:12

فەرهاد ئەترووشی: پاراستنی عێراق بەستراوەتەوە بە ڕێزگرتن لە مافەکانی هەرێمی کوردستان

کوردستان TV
100%

فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: تاکە ڕێگە بۆ ئەوەی عێراق بە یەکگرتوویی و بەهێزی بمێنێتەوە، ئەوەیە کە هەمووان پابەندی دەستوور و سیستەمی فیدراڵی بن.

ئەترووشی لەبارەی پێگەی دەستووریی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، عێراقی نوێ تەنیا بەغدا نییە، بەڵکو لە حکوومەتی فیدراڵی، هەرێمەکان و پارێزگاکان پێکدێت؛ جەختیشی کردەوە کە نابێت هیچ لایەنێک بە هەر ناو و بیانوویەک بێت، هەوڵی کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم و پارێزگاکان بدات.

سەبارەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران گوتی: "هەرێمی کوردستان مافی یاسایی خۆیەتی کە پشکێکی دادپەروەرانەی لە بودجە و سامانی وڵات هەبێت، بەپێی ئاماری ساڵی 2025، پێویستە ڕێژەی 14.1٪ی بودجەی گشتیی عێراق بۆ هەرێم تەرخان بکرێت."

ناوبراو ڕاشیگەیاند، هەرێمی کوردستان خاوەنی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەرییە، ئەمەش وا دەخوازێت بودجەیەکی گونجاوی بۆ بنێردرێت تا بتوانێت ئەرکە دەستووری و خزمەتگوزارییەکانی بەرامبەر بە هاووڵاتییان ئەنجام بدات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەترووشی جەختی لە مافە دەستوورییەکانی کورد لە بەڕێوەبردنی نەوت و دەروازە سنوورییەکان کردەوە و گوتی: "کوردستان بەرامبەر هیچ هەڕەشەیەک سەر دانانوێنێت و دەستبەرداری مافە ڕەواکانی نابێت، مێژووش گەواهیدەری خۆڕاگریی گەلەکەمانە."

لە کۆتاییدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هۆشداریی دا لەو لێدوانە دژە دەستوورییانەی لە ناو پەرلەماندا دەدرێن و گوتی: "بەداخەوە هەندێک کەس پەرلەمانیان کردووەتە مینبەرێک بۆ لێدوان و هەڵوێستگەلێک کە دژی بنەماکانی فیدراڵیزمن و زیان بە یەکپارچەیی و سەقامگیریی عێراق دەگەیەنن."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.