نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا کە ئاراستەی ئاهەنگگێڕانی جەژنی نەورۆزی لە شاری ئامەد کرد، جەختی لە گرنگیی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کردەوە و ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لەو هەوڵانە دەکات کە ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەگێڕنەوە. سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاشتی تاقە ڕێگەیە بۆ بنیاتنانی ژیانێکی شایستە و دابینکردنی داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتوو.
وتارەکەی سەرۆکی هەرێم لەلایەن دڵشاد شەهاب، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بە نوێنەرایەتی نێچیرڤان بارزانی خوێندرایەوە، ئەمەش دەقەکەیەتی:
خوشک و برایانی بەڕێز،
ئامادەبووانی هێژا،
جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، بە گەرمی و لە دڵەوە لە تەواوی گەلی کورد و لە ئێوهى ئازیز پیرۆز دەکەم کە ئەمڕۆ لێرە، لە ئامەدی هێژا، بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز کۆبوونەتەوە.
نەورۆز بۆ ئێمە جەژنێکی تایبەتە؛ سیمبۆلی زیندووبوونەوە و ئیرادەی ژیانە، هەروەها بەرجەستەکردنی هیواکانی گەلێکە کە هەمیشە تینووی ئازادى و پێکەوەژیان بووە. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و ئارامی بۆ هەمووان.
ئەم کۆبوونەوەیەی ئێوە کە بووەتە نەریتێکی ساڵانەی جوان له ئامهد، خۆی لە خۆیدا جەژنی ژیان و جوانییە و گوزارشت لە پهرۆشى و پەیامی کورد دەکات بۆ برایەتی و قبووڵکردنی یەکتر.
ئێمە لە کاتێکدا ئەمڕۆ جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەین، دەمانەوێت پشتگيريى دڵسۆزانەی خۆمان بۆ ئاشتی دووپات بکەینەوە. بەدیهێنانی ئاشتی لە تورکیا کارێکی مێژوویییە و لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی کورد و تورک و تەواوی ناوچەکەدایە. ئاشتی تاقە ڕێگەیە کە داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانمان مسۆگەر دەکات.
ئێمە له دێرزهمانهوه دراوسێین و هاوچارەنووسین، چارهنووس و بەرژەوەندییەکانمان یەکن. تەنیا لە ڕێگەی پێكهوهيى و سەقامگیرییەوە دەتوانین بەسەر ئاڵنگارییەکاندا سەربکەوین و بەشداری لە بنیاتنانی ژیانێکی شایستەدا بکەین.
لێرەدا سوپاس و دەستخۆشی بۆ هەموو ئەو هەنگاوانە دووپات دەکەمەوە کە تا ئێستا بۆ سەرخستنی ئاشتی نراون. بە ئومێدەوە لە هەوڵەکان دەڕوانین و چاومان لە هەنگاوی زیاترە.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان، تەواوی هاوكاريى خۆمان بۆ سەرخستنی ئاشتی دووپات دەکەینەوە و چاوەڕوانی کۆتاییهاتنی ململانێکان و چەسپاندنی سەقامگیریین. با پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی لهم ڕۆژگارهدا كه ناوچهكه به شهڕ و ململانێى سهختدا تێدهپهڕێت، ئاشتى ببێتە ڕاستییەکی ههميشهيى.
نەورۆزتان پیرۆز بێت و هەموو ساڵێک بە خۆشی.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/3/21
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.