وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ڕاگەیاند، تاوەکو لێکۆڵینەوە بکرێت و ڕاستی ئەو هێرشانە بسەلمێندرێت کە لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک پێگەیان کردووەتە ئامانج.
ڕۆژی یەکشەممە 15ـی ئادار، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، کۆتاییهێنان بەم جەنگەی ئێستا بەستراوەتەوە بە پێشکەشکردنی زەمانەتێکەوە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی، لەگەڵ پێدانی قەرەبووی ئەو زیانانەی بەر ئێران کەوتوون.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "ئێران ئامادەیە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە پێک بهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە و سەلماندنی ڕاستی ئەو هێرشانەی لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک پێگەیان کردووەتە ئامانج".
هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی تەنیا بنکە و بەرژەوەندییەکانی سەر بە ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.
عەباس عێراقی گوتیشی: "ئەمریکا درۆنێكی بە ناوی (لۆکاس) دروست کردووە کە بە تەواوی هاوشێوەی درۆنی ئێرانی (شاهید)ـە و بۆ بەئامانجگرتنی پێگەکان لە ناو هەندێک لە وڵاتانی عەرەبیدا بەکار دەهێنرێت".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش دا، لەوانەیە ئیسرائیل لە پشت هێرشکردنە سەر ئامانجە مەدەنییەکانی ناو وڵاتانی عەرەبییەوە بێت، بە مەبەستی زیانگەیاندن بە پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ ئێران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.