بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.5 پلە بە پێوەری ڕێختەر پارێزگای تۆکات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تورکیای هەژاند و لە چەند پارێزگایەکی دیکەی دەوروبەریش هەستی پێکرا.
بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری تورکی بوومەلەرزەکە سەعات 03:35ـی بەرەبەیان لە پارێزگای تۆکات و لە قووڵایی 6.37 کیلۆمەتر ڕوویداوە. جگە لە تۆکات، پارێزگاکانی دیکەی دەوروبەریشی هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە.
عەبدوڵڵا کۆکلو، پارێزگاری تۆکات لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە هەندێک لە قوتابخانەکانی ناوچەکە درز لە دیوارەکان پەیدا بووە و زیانی سووک بە هەندێک باڵەخانە گەیشتووە. تیمەکانمان سەرقاڵی پشکنینی وردی ناوچەکەن.
سەبارەت بە بریندارەکان، پارێزگاری تۆکات ئاماژەی بەوە کرد: ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێی زۆرەوە لە کاتی چوونە دەرەوەیاندا تووشی برینداریی سووک بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی گەورە و مەترسیدار تۆمار نەکراوە.
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.5 پلە باکووری ڕۆژهەڵاتی تورکیای هەژاند

100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.