وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی ئیمارات، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکات کە لە ڕێگەی درۆنەوە کرایە سەر کونسوڵخانەی گشتی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند، هێرشەکە زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ئاماژەی بەوە کردووە، بە ئامانجگرتنی نێردە و ناوەندە دیپلۆماسییەکان پێشێلکردنێکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەتی "ڕێککەوتننامەی ڤیێنا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان" کە پارێزبەندی بۆ باڵەخانە و کارمەندانی دیپلۆماسی دابین دەکات.
ئیمارات هێرشەکەی بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" ناوبردووە کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەکات. هاوکات داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی بارودۆخی هێرشەکە بکەن، بۆ ئەوەی لایەنە بەرپرسەکان دەستنیشان بکرێن و ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکرێنەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوە جەختی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی کردووەتەوە لە ڕەتکردنەوەی هەر کارێکی توندوتیژی کە ئامانج لێی تێکدانی ئاسایش بێت، و جەختی لە پێویستی پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان کردووەتەوە بەگوێرەی بنەما نێودەوڵەتییەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.