بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا ناوی رابەری نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران رابگەیەنێت، دوای ئەوەی عەلی خامەنەیی لە بۆردومانێكدا لە یەكەم رۆژی دەستپێكردنی شەڕ لە تارانی پایتەخت هاتە كوشتن.
ئایەتوڵا حوسێنی ئیشكوری ئەندامی ئەنجوومەنی زانایانی ئێران ئەمڕۆ یەكشەممە ئاشكرای كرد كە بەزۆرینەی دەنگی ئەنجوومەنەكەیان، رابەری نوێی ئێرانیان هەڵبژاردووە.
راشیگەیاند: بەمزووانە ناوی رابەرە نوێیەكە رادەگەیەنرێت، ناوی خامەنەییش هەر بە زیندووی دەمێنێتەوە.
هەرچەندە ئایەتوڵا حوسێنی بەشێوەی راستەوخۆ ناوی رابەرە نوێیەكەی ئاشكرا نەكرد، بەڵام بەگوێرەی لێكدانەوە میدیاییەكان موجتەبا خامەنەیی كوڕی رابەری كۆچكردوو بووەتە رابەری نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران.
موجتەبا خامەنەیی كوڕی عەلی خامەنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران، لە هێرشەكەی بەرەبەیانی رۆژی 28ی مانگی رابردووی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل، رزگاری ببوو.
موجتەبا خامەنەیی /56 ساڵ/ كوڕی دووەمی عەلی خامەنەییە، یەكێكە لە بەهێزترین كەسایەتییەكان لە ئێران بەهۆی ئەوەی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەڕێوەبەری نووسینگەی باوكی بووە و پەیوەندییەكی فراوانی لەگەڵ فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران هەبووە.
دوای هێرشەكەی بەرەبەیانی رۆژی 28ی مانگی رابردوو، تەلەفزیۆنی ئێران لە رۆژی یەكی مانگ بەفەرمی كوژرانی عەلی خامەنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران راگەیاند، ئاژانسی فارس بڵاوی بڵاوی كردەوە كە "عەلی خامەنەیی لەنێو ماڵەكەی خۆیدا لە كاتی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە باڵاكان، بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل كوژرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.