فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق جەخت لە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی سنوورەکانی وڵات و وڵاتانی دراوسێ دەکاتەوە و ئاماژە بە هەماهەنگییەکی باڵا لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش دەدات بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دڵنیاییش دەدات کە هیچ جۆرە دزەکردنێکی نایاسایی لە سنوورەکانەوە ڕووی نەداوە.
ئەمڕۆ شەممە 7ی ئازار، فەریق محەمەد سەکەر، فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق ڕایگەیاند: تەواوی شریتی سنووری عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کۆنترۆڵ کراوە و لەژێر چاودێریی وردی ئەمنیدایە.
فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق گوتی، بەهۆی ڕووداوەکانی ئەم دواییەوە هێزەکانیان لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە، بە هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە و ئاسایشی کوردستان یەکخستووە بۆ بەهێزکردنی سنوورەکان.
فەریق محەمەد دەڵێت، سنووری عێراق و ئێران کە درێژییەکەی 1,493 کم دەبێت، بە تەواوی پارێزراوە و ئەو دەنگۆیانەی باس لە دزەکردنی نایاسایی دەکەن دوورن لە ڕاستییەوە.
سەبارەت بە سنووری سووریا کە 620 کم درێژە، فەرماندەی پاسەوانی سنوور دووپاتی کردەوە کە ئەو ناوچانە بە بەرزترین ئاستی تەکنەلۆژیا، کامێرای چاودێری و قەڵای سەربازی پارێزراون. گوتیشی: بوونی هێزەکانی سوپا و حەشدی شەعبی لە قووڵایی خاکەکەدا و هەوڵە هەواڵگرییەکان، سنوورەکەیان کردووەتە ناوچەیەکی داخراو بەڕووی هەر هەڕەشە و قاچاخچێتییەکدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.