Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 00:45

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات عێراق جێ بهێڵن

کوردستان TV
100%

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە هۆشدارییەکی ئەمنیی نوێدا کە ئەمڕۆ 6ی ئاداری 2026 بڵاوی کردەوە، داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات بە زووترین کات خاکی عێراق جێ بهێڵن.

بەهۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکان لە عێراق، باڵیۆزخانە داوا لە هاووڵاتییانی دەکات لە ڕێگەی دەروازە وشکانییەکانەوە بەرەو وڵاتانی ئوردن، کوێت، سعودیە و تورکیا بڕۆن. هۆشداریش دراوە کە ئەگەری هەیە سنوورەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دابخرێن.

لە  ڕاگەیاندراوەکەدا داوا لەو ئەمریکییانە کراوە کە لە عێراق دەمێننەوە، لە ماڵ یان هۆتێلەکانیان بمێننەوە، لە پەنجەرەکان دوور بکەونەوە و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ئاو، خۆراک و دەرمانی پێویست کۆ بکەنەوە.

باڵیۆزخانە ئاماژەی بەوە کردووە کە مەترسیی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی عێراق بەردەوامە. هەروەها هۆشداریی داوە لە هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و داوای کردووە ئەمریکییەکان لە ناوچەکانی خۆپیشاندان و توندوتیژی، بەتایبەت گۆڕەپانی تەحریر و پردی 14ـی تەمووز لە بەغدا دوور بکەونەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر هەموو خزمەتگوزارییە ڕۆتینییەکانیان ڕاگرتووە. هەروەها ڕایانگەیاندووە کە ناوچەی نێودەوڵەتیی سەوزی بەغدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە داخراوە و داوا دەکەن کەس سەردانی باڵیۆزخانە یان کونسوڵخانە نەکات.

باڵیۆزخانە جەخت دەکاتەوە کە حکوومەتی ئەمریکا خەریکی هەڵسەنگاندنی هەموو بژاردەکانە بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی تاوەکوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێ بهێڵن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.