Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 12:50

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ڕاپۆرتانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە پڕچەککردنی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران دەکەن

کوردستان TV
100%

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وڵامی ئەو ڕاپۆرت و دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان دەکەن لە پڕچەککردن و ناردنی پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێران بۆ ناو خاکی ئەو وڵاتە.

وتەبێژی حکوومەت ڕایگەیاند: "ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەوە دەکەن کە گوایە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە پیلانێک بۆ پڕچەککردن و ناردنی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ناو خاکی ئێران، بەتەواوی ناڕاستن. ئێمە ئەم تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە و پێمان وایە بە مەبەست بڵاو دەکرێنەوە."

هەورامانی جەختی لەوەش کردەوە حکوومەتی هەرێم و پارتە سیاسییەکانی کوردستان، سیاسەتێکی جێگیریان هەیە و بەشێک نین لە هیچ هەڵمەتێک بۆ فراوانکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا. وتیشی: "بەپێچەوانەوە، ئێمە هەمیشە داوای ئاشتی و سەقامگیریمان کردووە و دەخوازین ناوچەکە لە گرژی بەدوور بێت."

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا، وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بە هێرشە بەردەوامەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرد و وتی: "ئێمە ئەو هێرشە ترسنۆکانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان بە تەواوی شەرمەزار دەکەین."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پێشەوا هەورامانی داوای لە حکومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بێنە دەنگ و ڕێگە لەم پەلامارانە بگرن، هەروەها ئەرکی خۆیان لە پاراستنی خاک، خەڵک و سەقامگیری ناوچەکە جێبەجێ بکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.