سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ڕەوانە دەکات بۆ پشتیوانیکردنی ئەو وڵاتانەی کەنداوی عەرەبی کە ڕووبەڕووی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران دەبنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئادار، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئیتالیا هاوشێوەی بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا، بەنیازی ناردنی پشتیوانییە بۆ وڵاتانی کەنداو. ئێمە لێرەدا بە ڕوونی باس لە ئامرازەکانی 'بەرگریی ئاسمانی' دەکەین."
سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا هۆکاری ئەم هەنگاوەی ڕوونکردەوە و گوتی: "ئەم بڕیارە تەنها لەبەر ئەوە نییە کە ئەوان وڵاتی دۆستن، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە دەیان هەزار هاووڵاتی ئیتاڵی لەو ناوچەیەدا نیشتەجێن و نزیکەی 2000 سەربازمان لەوێیە کە ئەرکی ئێمەیە بییانپارێزین."
هەروەها جەختیشی لە گرنگیی ستراتیژیی ناوچەکە کردەوە و ڕایگەیاند کە "ناوچەی کەنداو بۆ دابینکردنی پێداویستیی وەکو نەوت و گاز ناوچەیەکی گرینگ و سەرەکییە" وە سەقامگیریی ئەو ناوچەیە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی ئیتالیا و ئەوروپا هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.