فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکات و ڕایگەیاند، ئەم هێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای دەستوور و سەروەری دەوڵەتن.
دەقی بەیاننامەکە؛
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە توندترین شێوە هێرشە تاوانکارییەکانی میلیشیا و گرووپە چەکدارە دەرچوو لە یاسا و دەسەڵاتی دەوڵەت ئیدانە و مەحکوم دەکات، کە هەرێمی کوردستانیان بەئامانج گرتووە بە هێرش کردنە سەر ناوچە نیشتەجێییەکان و شوێنە گشتییەکان، کە بووە هۆی برینداربوون و زیانگەیشتن بە هاوڵاتیانی بێتاوان.
ئەم هێرشانە کردارێکی تیرۆری ئاشکرا و پێشێلکردنی گەورەی دەستور و سەروەری دەوڵتن و جارێکی تر مەترسیی چەکی بێکۆنترۆڵ دەردەخەن، کە بووەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ ئاسایشی هاوڵاتیان و سەقامگیری وڵات.
ئامانجگرتنی شارەکان و ماڵە ئارامەکانی هەرێمی کوردستان تاوانێکی قێزەون ومەحکومکراوە بە هەموو پێوانەیەک و بێ سەرکۆنەکردن ولیپرسینەوە تێ ناپەڕێت.
لەبەر ئەم هەڵچوونە مەترسیدارە، داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین بە هەنگاوی خێرا و یەکلاکەرەوە کار بکات بۆ کۆتاییهێنانی ئەم گرووپە توندڕەو و دەرچوو لە یاسایانە، هەروەها دۆزینەوە و دادگاییکردنی ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن لەم هێرشانە و ڕێگە نەدان بە هیچ هێزێکی چەکدار بۆ کارکردن لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت.
بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە بێ ڕاگرتنێکی ڕاستەقینە، لاوازکردنی مەترسیداری شکۆى دەوڵەتە لەخۆیدا و پرسیاری جدی دروست دەکات لەسەر توانای حکومەت بۆ جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی هاوڵاتیان.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.