ئاژانسی هەواڵی "فارس" بڵاوی کردەوە، بڕیارە دوای ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە فەرمییەکانی پرسە و ماڵئاوایی، تەرمی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری کوژراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە شاری مەشهەد بە خاک بسپێردرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی لیژنەی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکان، سەرقاڵی پلاندانانن بۆ سازکردنی مەراسیمێکی ماڵئاوایی گەورە لە تارانن تاوەکو هاوڵاتییان بتوانن تێیدا بەشدار بن.
فارس نیوز ئاماژەی بەوەش کردووە وردەکاریی تەواوی بەرنامەکان و کاتی بەڕێوەچوونیان، دوای پەسەندکردنی کۆتایی لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە ڕادەگەیەنرێت.
بەڵام هێندێک سەرچاوەی نافەرمی بڵاویان کردووەتەوە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 4ـی ئاداری 2026 بەڕێوە بچێت و ڕۆژی هەینی تەرمی خامەنەیی بۆ بەخاکسپاردن لە مەزارگەی ئیمام ڕەزا، هەشتەم ئیمامی شیعەکان، دەگوازرێتەوە بۆ شاری مەشهەد.
ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی لە شاری مەشهەد لەدایکبووە. باوکی ناوبراو، ئایەتوڵڵا سەید جەواد خامنەیی، یەکێک بووە لە زانایانی ئایینی و هەر لەو شارە و لە ناو حەرەمی ئیمام ڕەزا (لە ڕەواقی تەوحیدخانە) بە خاک سپێردراوە. بەو هۆیەشەوە بڕیار دراوە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیش لە زێدی خۆی بنێژرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.