Erbil 31°C شەممە 04 تەمووز 04:11

فەرماندەی سێنتکۆم: هیچ کەشتییەکی ئێرانی لە کەنداوی عەرەبی و دەریای عومان نەماوە

کوردستان TV
100%

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانیاندا، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە 17 کەشتی و ژێردەریایییەکی ئێران تێک بشکێنن و نزیکەی دوو هەزار ئامانجیشیان لە ناوخۆی ئێراندا پێکاوە.

براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، ڕۆژی سێشەممە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاشکرای کرد: "ئەمڕۆ تەنانەت یەک کەشتی یان بەلەمێکی ئێرانیش لە کەنداوی فارس، گەرووی هورمز یان دەریای عوماندا لە جووڵەدا نییە."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە زیاتر لە 50 هەزار هێزی سەربازی، 200 فڕۆکەی جەنگی، دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و چەندین فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ستراتیژی ئەمریکی لەم ئۆپراسیۆنەدا بەشدارن و ئامادەکاریی زیاتریش لە ڕێگەدایە. کووپەر ئەم جووڵە سەربازییەی بە "گەورەترین کۆبوونەوەی هێزی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی نەوەیەکدا" وەسف کرد.

فەرماندەی سێنتکۆم هەروەها وتی، قەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تا ئێستا نزیکەی دوو هێندەی ئەو هێرشانە بووە کە لە دەستپێکی پرۆسەی "شۆک و تۆقاندن" لە ساڵی 2003 دژی عێراق ئەنجامدران.

بە گوتەی کووپەر، ئێران لە هێرشە تۆڵەستێنەکانیاندا زیاتر لە 500 مووشەکی بالیستیک و دوو هەزار درۆنی بەکارهێناوە، بەڵام ئێستا سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران بە توندی لاواز بوون و سەدان مووشەک و سەکۆی هاویشتن و درۆنی ئەو وڵاتە لەناو براون.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.