Erbil 31°C یەکشەممە 28 حوزەیران 15:41

میدیاكانی ئێران: موجتەبا خامەنەیی نەمردووە و تەندروستی زۆر باشە

کوردستان TV
100%

میدیاكانی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویان كردەوە، موجتەبا خامەنەیی كوڕی عەلی خامەنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران نەمردووە و تەندروستی زۆر باشە و ئێستا بەنهێنی خەریكی ئەنجامدانی هەندێك كاری تایبەتە.

پێشتر وا بڵاوكرابووەوە كە موجتەبا خامەنەیی كوڕی عەلی خامەنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەنجامی بۆردومانەكەی سەرلەبەیانی رۆژی شەممە لە تاران لەگەڵ باوكیدا كوژرا.

ئاژانسی (میهر)ی ئێرانی ئەمڕۆ سێشەممە هەواڵی كوژرانی موجتەبا خامەنەیی رەت كردەوە رایگەیاند: موجتەبا ئێستا خەریكی هەندێك كاری تایبەتە وەك كاروباری شەهیدان و هەندێك دۆسییەی نهێنی و پێدانی رێنوێنی و زانیارییەكان.

ئاژانسەكە جەختیشی كردەوە كە نەك هەر موجتەبا خامەنەیی نەمردووە، بەڵكو تەندروستی زۆر باشە و بەشێوەیەكی ئاسایی كاروبارە رۆژانەكان بەڕێوە دەبات.

لە كاتژمێری یەكەمی دەستپێكردنی جەنگی ئێران، لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا باڵەخانەی شوێنی تایبەتی مانەوەی عەلی خامەنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران بۆردومان كرا، لە ئەنجامی بۆردومانەكە عەلی خامەنەیی و ژمارەیەكی زۆر لە فەرماندە سەربازییەكانی ئێران كوژران.

هەر لە بۆردومانەكەدا، مەنسوڕە باقرزادە هاوسەری عەلی خامەنەیی، زەهرا هاوسەری موجتەبا خامەنەیی، كچێكی عەلی خامەنەیی و هاوسەرەكەی و منداڵەكەیان كوژران.

موجتەبا خامەنەیی كوڕی دووەمی عەلی خامەنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێرانە، لەم ساڵانەی دواییدا بەوە ناوی دەهێنرا كە رەنگە ببێتە شوێنگرەوەی باوكی و لە داهاتوودا پۆستێكی باڵای ئێران وەربگرێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.