سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادەکاری تەواوی بۆ "هەموو سیناریۆکان" کردووە، بە ئەگەری کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیشەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی ئادار، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تەلەفزیۆنی فەرمی دەوڵەتی ئێران بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند: "ئێمە ئامادەکارییمان بۆ ئەم ساتانە کردووە و وێنای هەموو سیناریۆکانمان کردووە." ئەم لێدوانە وەک ئاماژەیەک بۆ هەبوونی پلانی جێگرتنەوە و بەردەوامبوونی دەسەڵات لە کاتی هەر رووداوێکی چاوەڕواننەکراودا لێکدەدرێتەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هێرشێکی توندی کردە سەر سەرکردەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕایگەیاند: "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هێڵە سوورەکانی ئێمەیان بەزاندووە."
قالیباف جەختیشی کردەوە کە واشنتۆن و تەلئەبیب بەهۆی ئەم هەنگاوانەیانەوە "ڕووبەڕووی لێکەوتەکان دەبنەوە"، ئەمەش وەک هەڕەشەیەک بۆ وەڵامدانەوەی توندی تاران لە داهاتوودا دەبینرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.