سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا کوژرانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ڕاگەیاند و دەڵێت، ئەمە دادپەروەرییە بۆ گەلی ئێران و جیهان. هاوکات داوا لە هێزە چەکدارەکانی ئێران دەکات چەک دابنێن و شەڕ نەکەن.
دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس" کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ڕاگەیاند و نووسیویەتی "خامنەیی، یەکێک لە بەدکارترین کەسەکانی مێژوو، مرد. ئەمە نەک تەنها دادپەروەرییە بۆ گەلی ئێران، بەڵکو بۆ هەموو ئەمریکییە مەزنەکان و خەڵکی زۆرێک لە وڵاتانی جیهانیشە کە لەلایەن خامنەیی و باندە چەتە خوێنخۆرەکەیەوە کوژراون یان جەستەیان شێوێندراوە".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، کە خامنەیی نەیتوانی خۆی لە دەزگا هەواڵگرییەکان و سیستەمە شوێنهەڵگرە زۆر پێشکەوتووەکانیان بپارێزێت و گوتی: "بە کارکردنی نزیک لەگەڵ ئیسرائیل، هیچ شتێک نەبوو کە ئەو یان سەرکردەکانی دیکە کە لەگەڵیدا کوژران، بتوانن بیکەن".
هەروەها گوتی: "ئەمە تەنیا گەورەترین دەرفەتە بۆ گەلی ئێران تا وڵاتەکەیان وەربگرنەوە. ئێمە دەبیستین کە زۆرێک لە هێزەکانی سوپای پاسداران، سوپا، هێزە ئەمنی و پۆلیسەکانی دیکەیان، چیتر نایانەوێت شەڕ بکەن و بەدوای پارێزبەندیدا دەگەڕێن لای ئێمە". دووپاتی لە قسەکەی دوێنێ شەوی خۆی کردەوە و ڕایگەیاند: "وەک شەوی ڕابردوو گوتم: ئێستا ئەوان دەتوانن پارێزبەندییان دەستبکەوێت، دواتر تەنیا مەرگ".
دۆناڵد ترەمپ داوای لە هێزە چەکدارەکانی ئێران کرد، چیتر شەڕ نەکەن و لەگەڵ نیشتمانپەروەرانی ئێران یەک بگرن و گوتی: "بەهیوای ئەوەی سوپای پاسداران و پۆلیس بە ئاشتیانە لەگەڵ نیشتمانپەروەرانی ئێران یەکبگرن و وەک یەک یەکە کار بکەن بۆ گەڕاندنەوەی وڵات بۆ ئەو مەزنییەی کە شایستەیەتی. ئەو پڕۆسەیە دەبێت بەمزووانە دەستپێبکات، لەبەر ئەوەی نەک تەنیا مەرگی خامنەیی، بەڵکو وڵاتەکە تەنیا لە یەک ڕۆژدا، زۆر وێران بووە و تەنانەت تەفر و توناش کراوە".
سەبارەت بە بەردەوامی هێرشەکان ڕایگەیاند: "بۆردومانە قورس و وردەکان بەبێ پچڕان لەم هەفتەیەدا بەردەوام دەبن، یان تا ئەو کاتەی پێویست بێت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکەمان کە ئاشتییە لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە جیهانیش".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.