ئهمڕۆ شەممە، فولکەر تورک، کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرکۆنەی پەرەسەندنی سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان، هۆشداریشی دا کە ئەم هێرشانە تەنها "وێرانکاری و مەینەتی"یان لێ دەکەوێتەوە.
فولکەر تورک لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە سەربازییانە دەکەم کە بەیانی ئەمڕۆ لەلایەن ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە کرانە سەر ئێران، هەروەها سەرکۆنەی وەڵامدانەوەکانی ئێرانیش دەکەم کە بەدوایدا هاتن." جەختیشی کردەوە کە وەک هەمیشە لە هەر ململانێیەکی چەکداریدا، هاووڵاتیانی مەدەنی باجی هەرە قورس دەدەن.
کۆمیسەری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جۆرە هێرشانە هیچ ئەنجامێکیان نابێت جگە لە "مردن، وێرانکاری و مەینەتییەکی مرۆیی قووڵ". داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە دان بە خۆیاندا بگرن و ڕێگری بکەن لە زیاتر تێکچوونی بارودۆخەکە کە کاریگەریی وێرانکەری لەسەر خەڵکی مەدەنی دەبێت.
تورک داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پەنا بۆ "عەقڵانییەت" بەرن و ئاڵۆزییەکان کەم بکەنەوە، داواشی لێکردن بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستانەکان، ئەو مێزەی کە تەنها چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا هەمووان هەوڵیان دەدا لە ڕێگەیەوە چارەسەرێک بدۆزنەوە.
ئەم لێدوانەی بەرپرسە باڵاکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە کە ناوچەکە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی گرژی و ئاڵۆزی سەربازی بووەتەوە و مەترسیی فراوانبوونی شەڕەکە لە ئارادایە
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.