بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند: ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەشیان دژی ئێران دەستپێکردووە بە مەبەستی "لەناوبردنی ئەو هەڕەشە بوونییەی" کە رژێمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دروستی کردووە.
ناتانیاهۆ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند: "خوشک و برایانم، هاووڵاتیانی ئیسرائیل، کەمێک لەمەوبەر ئیسرائیل و ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ لەناوبردنی ئەو هەڕەشە بوونییە دەستپێکرد کە لەلایەن رژێمی تیرۆریستی ئێرانەوە دروستکراوە." ئاماژەی بەوەش کرد، "کات هاتووە" رژێمی ئێران باجی کردەوەکانی بدات و نابێت ڕێگە بدرێت ئەو وڵاتە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامەکەیدا ڕووی دەمی کردە گەلی ئێران و داوای لێکردن دژی حکوومەتەکەیان بوەستنەوە و گوتی: "کارە هاوبەشەکەمان دەبێتە هۆی رەخساندنی بارودۆخێک بۆ گەلی ئازای ئێران تا چارەنووسی خۆیان بگرنە دەست، کاتی ئەوە هاتووە گەلی ئێران لە ستەمکاری رزگاریان بێت و ئێرانێکی ئازاد بونیاد بنێن کە بەدوای ئاشتیدا بگەڕێت."
هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە دەستەیەک مووشەکی نوێ لە ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێژراون و داوای لە هاووڵاتیان کرد لە پەناگەکاندا بمێننەوە. پەیامنێرانی ئاژانسی فرانس پرێسیش دەنگی چەندین تەقینەوەیان لە شاری قودس بیستووە.
لەلایەکی دیکەوە، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە تاران کەوتووەتە بەر "دەستدرێژییەکی ئاسمانی لەلایەن ئیسرائیلەوە". ئاژانسی هەواڵی "فارس"یش بڵاویکردەوە، 7 خاڵ لە گەڕەکەکانی تاران بە مووشەک کراونەتە ئامانج، کە دەکەونە نزیک بارەگای عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی و بارەگای سەرۆکایەتی کۆمار.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.