ئێران لە دانوستانەكانی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا هەردوو داوكاری سەرەكی ئەمریكای رەت كردۆتەوە كە بریتین لە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی دامەزراوە ئەتۆمییەكان و هەروەها رادەستكردن و گواستنەوەی سەرجەم یۆرانیۆمە پیتێنراوەكانی بۆ دەرەوەی وڵات.
ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران گوتوویەتی: دوایین داواكاری ئەمریكا بریتی بووە لە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی هەرسێ دامەزراوەی سەرەكی ئەتۆمی و هەروەها گواستنەوەی تەواوی یۆرانیۆمە پیتێنراوەكانی بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام لای ئێران ئەو داواكارییانە قبووڵكراو نین و پێشێلكاری راستەوخۆی سیادەی ئێرانن لە دۆسییەی ئاشتییانەی ئەتۆمیدا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیشی كردەوە كە لە دانوستانەكانی ئەمڕۆدا وڵاتەكەی پێداگیری لە بەڵێنەكانی كردۆتەوە كە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكانی لەچوارچێوەی یاسا نیودەوڵەتییەكان و بۆ لایەنی ئاشتی بەكاربهێنێت، بەڵام لەهەمانكاتدا دەستبەرداری مافی ڕەوای خۆی نابێت بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییە مەدەنییەكانی.
ئیسماعیل بەقائی ئاماژەی بەوەشداوە كە لە دانوستانەكەی ئەمڕۆدا لەلایەن شاندی هەردوولا گفتوگۆی جدی كراون. هیواشی خواست ئەو دانوستانانە بۆ قۆناغەكانی داهاتوو بەردەوامییان هەبێت.
لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە سێیەم گەڕی دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی نێوان شاندی ئێران و ئەمریكا لە جنێف دەستیان پێ كردووە.
پێشتریش سەبارەت بە دەرئەنجامی كۆبوونەوەكان، بەدر ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان كە وەك وڵاتێكی نێوەندگیر بەشداری كۆبوونەوەكان بووە، رایگەیاندبوو "ئەمڕۆ لە جنێف بیرۆكەی بنیاتنەر و ئەرێنی لەنێوان هەردوو شاندی ئێران و ئەمریك ئاڵوگۆڕ كراوە".
وەزیری دەرەوەی عومان هیواشی خواستبوو كە لە گەڕی ئەمجارەی دانوستانەكان لەنێوان ئێران و ئەمریكا پێشكەوتنی زیاتر بەدەستبهێنرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.