Erbil 31°C سێشەممە 18 ئاب 03:34

ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران

کوردستان TV
100%

* ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی ڕاسپارد بە گوێرەی کۆنووسی هاوبەشی پەسەندکراو، کاری پێویست لەبارەی هەنگاوەکانی ئەم دواییەی جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام بدەن .

* ڕێژەی 20% لێخۆشبوونی سزاکانی سەرپێچیی ئۆتۆمبيل، بۆ شەش مانگی دیکە درێژ کرایەوە.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دوا هەڵوێستی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و خەرجکردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێم و بەدواداچوونی دەرەنجامی دوا کۆبوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم سەبارەت بە پابەندیی دارایی هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم بەرامبەر یەکتر، لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار خرایە ڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ نەک تەنیا مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵکوو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی فیدراڵ بە پێی ڕێژەی 14.1ی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق بنێرێت، بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان پابەندیی نەوتیی و دارایی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە و لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەش لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمەوە بێ کەموکوڕی ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە.

 سەبارەت بە پابەندیی ناردنی 120 ملیار دینار بۆ مانگی شوباتیش، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر ئەولەویەتدان بە ناردنی ئەم پارەیە پێش هەر خەرجییەکی دیکە تاوەکوو هیچ پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەمێنێتەوە بۆ دواخستنی خەرجکردنی مووچەی مانگی شوبات و مانگەکانی دیکەش.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان لەسەر ئەم بڕگەیە، دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی لە بەغدا لە ڕۆژی 2026/2/23 خرایەڕوو سەبارەت با پابەندییە داراییەکانی هەردوو حکومەت و هەموو ئەو بەڵگە و بنەما دەستووریی و قانونی و داراییانەش ڕوونکرانەوە کە پاڵپشتیی شایستە داراییەکانی هەرێم دەکەن.

لە بڕگەی دووەمدا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە ، ڕاپۆرتێکی خستەڕوو دەربارەی هەنگاوەکانی ئەم دواییەی جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە و پوختەی کۆنووسی واژۆکراوی هاوبەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە دەستنیشانکردنی تایبەتمەندیی و ئەرک و دەسەڵاتەکانی دەڤەرەکان.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنە هاوبەشەکان، ئەم هەنگاوەی بە گرنگ و مێژوویی وەسف کرد لە ڕووی ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و دەستنیشانکردنی دەسەڵاتی فەرماندەیی دەڤەرەکان و پەیکەربەندیی نوێی هێزەکانی پێشمەرگە، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی هاوبەشە نێوەدەوڵەتییەکانی کرد کە هاوکار و پاڵپشتی پرۆسەکەیان کرد.

ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی ڕاسپارد بە گوێرەی کۆنووسی هاوبەشی پەسەندکراو، کاری پێویست ئەنجام بدەن.

لە بڕگەی سێیەم و کۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوکۆی لە بارەی پێشنیارێکی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ کرد تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە لێخۆشبوونی ڕێژەی 20% لە سزاکانی سەرپێچی هاتووچۆ بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە واتا تاکوو 2026/6/30 .

ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیارەکەی پەسەند کرد و ڕێژەی لێخۆشبوونی سزاکانی سەرپێچییەکانی هاتووچۆ، بۆ شەش مانگی دیکە درێژ کرایەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.