قائیمەقامیەتی قەزای دەربەندیخان ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی شۆفێران و هاوڵاتیان کرد و ڕایگەیاند، ئەمشەو چوارشەممە 25ـی شوباتی 2026، بەهۆی کارەکانی پاککردنەوەوە، تونێلی دەربەندیخان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بە ڕووی ئوتۆمبێلەکاندا دادەخرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخان، داخستنی تونێلەکە لە کاتژمێر 11:00ـی شەو دەست پێ دەکات و تاوەکوو کاتژمێر 2:00ـی پاش نیوەشەو بەردەوام دەبێت. ئەم هەنگاوە وەک ئامادەکارییەک و بە مەبەستی پاککردنەوەی ناوەوەی تونێلەکە گیراوەتە بەر.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "داوا لە تەواوی شۆفێران و هاوڵاتیانی سنوورەکە دەکەین، لەو ماوە دیاریکراوەدا ڕێگە جێگرەوەکانی دیکە بۆ هاتوچۆکردن بەکاربهێنن، تاوەکوو کارەکانی ناو تونێلەکە بەسەرکەوتوویی کۆتاییان دێت."
تونێلی دەربەندیخان یەکێکە لە ڕێڕەوە گرنگ و ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان، کە پارێزگای سلێمانی بە ناوچەکانی گەرمیان و ناوەڕاستی عێراقەوە دەبەستێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.