Erbil 31°C دووشەممە 15 حوزەیران 13:27

عەباس عێراقچی: تاڕادەیەكی زۆر لە رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا نزیک بووینەتەوە

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشكرای دەكات كە تا ڕادەیەكی زۆر لە رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا نزیک بوونەتەوە بەو مەرجەی پێشینە بدرێت بە هەوڵە دیبلۆماسییەكان.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: دەست بە دانوستانەكان لەگەڵ ئێران لە جنێف دەكەینەوە بە هیوای رێككەوتنێكی دادپەروەرانە و راستگۆیانە لە نزیكترین كاتدا.

عێراقچی گوتیشی: ئێمە چەكی ئەتۆمی دروست ناكەین، بەڵام لە هەمانكاتدا دەستبەرداری بەكارهێنانی سوودەكانی تەكنەلۆژیای ئەتۆمی نابین.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها گوتی: هەلێكی مێژوویی لەبەردەممانە بۆ رێككەوتنێكی نموونەیی كە چارەسەری مەترسییەكان بكات و لەهەمانكاتدا بەرژەوەندییە هاوبەشەكانیش بێنێتە كایەوە.

ئاماژەی بەوەش دا كە رێككەوتنی نێوان تاران و واشنتن لەبەر دەستە، بەو مەرجەی پێشینە بدرێت بە هەلە دیبلۆماسییەكان.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشی كردەوە كە ئەوان بەهیچ شێوەیەك درێغی لە پاراستنی سەروەری وڵاتەكەیان ناكەن، لە هەمانكاتیشدا هەموو هەوڵێكیش دەدەن بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێكی ئاشتییانە بۆ سەرجەم كێشە و ناكۆكییەكان.

ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە كاتێكدایە كە بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو گەڕی سێیەمی دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا لە جنێف بەڕێوەبچێت.

ئەمریكا تا ئێستا پێداگیری لەوە دەكات كە پێویستە ئێران دەستبەرداری پڕۆگرامە ئەتۆمییەكانی بێت، بەڵام تاران ئەم پێشنیارە رەت دەكاتەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.