Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 15:03

لە هەولێر لە کاتی کارکردن لە پڕۆژەیەک گۆڕێکی بەکۆمەڵی 1400 ساڵ پێش ئێستا دۆزرایەوە

کوردستان TV
100%

لە هەولێر گۆڕێکی بەکۆمەڵە و چەندین پارچە کەلوپەلی مێژوویی و ئێسک و پرووسکی مرۆڤ دۆزرایەوە کە مێژووەکەی بۆ 1400 ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە گەڕەکی باغلومنارەی شاری هەولێر، لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریدا گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە کە چەندین پارچە کەلوپەلی مێژوویی و ئێسک و پرووسکی مرۆڤی تێدایە.

بە پێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر، لەو گۆڕە بە کۆمەڵەدا پاشماوەی زیاتر لە 100 کەلـلەسەری مرۆڤ دۆزراوەتەوە. لەگەڵ تەرمەکان چەندین پارچە کەلوپەلی کۆن دۆزراونەتەوە کە بریتین لە ژمارەیەک سکەی زیو و پارەی کۆن، هەروەها دوو خڕخاڵی بڕۆنز و بازنێکی ئاسن لەگەڵ دوو ملوانکەی مرواری چوار پارچە گۆزەی مێژوویی.

تیمە پسپۆڕەکانی شوێنەوار ئاماژە بەوە دەکەن کە بەپێی بەڵگە سەرەتاییەکان، مێژووی ئەم گۆڕە بە کۆمەڵە بۆ نزیکەی 1400 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. بۆ یەکلاییکردنەوەی ڕەگەز و تەمەن و ناسنامەی تەرمەکان، نموونەی DNA  لە ئێسکەکان وەرگیراوە و ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆ کراوە تا پشکنینی وردی زانستییان بۆ بکرێت.

دۆزینەوەکە لە کاتێکدا بووە کە کرێکاران لە شەقامێکی گەڕەکی باغلومنارە سەرقاڵی کارکردن بوون، دوای ئەوەی ژمارەیەک ئێسکە سەر دەردەکەون، دەستبەجێ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور ئاگادار دەکرێنەوە. تیمەکان دوای گەیشتنیان و ئەنجامدانی کنەوپشکنین، دڵنیابوونەوە کە شوێنەکە پێگەیەکی مێژوویی و شوێنەوارییە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.