شا عەبدوڵای دووەم شای ئوردن جەختی لە گفتوگۆ و چارەسەری دیبلۆماسی سەبارەت بە دۆسییەی ئێران كردەوە، رەتیشی كردەوە لە كاتی هەڵگیرسانی شەڕ ئاسمانی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران یاخود هەر وڵاتێكی دیكە بەكاربهێنرێت.
شا عەبدوڵای دووەم ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی دیدارێكدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی ئوردن گوتی: ئوردن بەهەموو شێوەیەك رەتی دەكاتەوە ببێتە گۆڕەپانی شەڕ و ئاسمانی وڵاتەكەی بەكاربهێنرێت بۆ هێرشكردنە سەر ئێران یاخود هەر وڵاتێكی دیكە. جەختیشی كردەوە كە لای ئەوان ئاسایشی ئوردن و سەلامەتی هاووڵاتییانی لە پێشەوەی هەموو شتێكەوەیە.
ئەم لێدوانەی شای ئوردن لە كاتێكدایە كە بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو گەڕی سێیەمی دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا لە جنێف بەڕێوەبچێت.
ئەمریكا تا ئێستا پێداگیری لەوە دەكات كە پێویستە ئێران دەستبەرداری پڕۆگرامی ئەتۆمییەكەی بێت، بەڵام تاران بەهەموو شێوەیەك ئەم پێشنیارە رەت دەكاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.