کارەکانی پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و بڕیارە لە جەژنی نەورۆزدا بە ڕووی هاووڵاتییاندا بکرێنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، شاخەوان سەلمان، پەیامنێری کوردستان تیڤی لە سۆران ڕایگەیاند، پڕۆژەی شەقامی 40 مەتری و 100 مەتری لەگەڵ دروستکردنی پردێکی گەورە لە قۆناغی کۆتاییدان. ئاماژەی بەوەش کرد کە زیاتر لە 98%ی کارەکانی پڕۆژەی شەقامی 40 مەتری تەواو بووە و تەنیا هەندێک کاری تەکنیکی و هێڵکاری و دانانی تابلۆی هاتووچۆ ماوە.
هەژار حەکیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "ئەم پڕۆژانە بەشێکن لە بەرنامەی ستراتیژی حکوومەت بۆ خزمەتکردنی ناوچەکە. شەقامی 40 مەتری ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و قوتابیانی زانکۆی سۆران و فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی حکوومەت دەکات و قەرەباڵغی ناوەندی شار کەمدەکاتەوە."
باسی لەوەش کرد، ئەم پڕۆژانە قەزاکانی سیدەکان و مێرگەسۆر بە ناوەندی سۆران دەبەستنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی زیاتری کەرتی بازرگانی و گەشتیاری لە ناوچەکەدا.
ئیدارەی سۆران کار لەسەر پڕۆژەی "پارکی نیشتمانی" دەکات کە دەکەوێتە نێوان شەقامی 30 مەتری و 40 مەتری، هەروەها کارکردن لەسەر ماستەرپلانی گەشتیاری سۆران بەردەوامە بۆ ئەوەی ناوچەکە ببێتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.