Erbil 31°C پێنجشەممە 23 تەمووز 21:18

فەرمانگەی میدیا و زانیاری: لە دوای 2017ەوە شەپۆلێکی نوێی "تەعریبی ئیداری و کشتوکاڵی" لە سنووری ماددەی 140 دەستی پێ کردووە

کوردستان TV
100%

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاپۆرتێکی بڵاو کردوەتەوە و ئاشکرای دەکات کە لە دوای ساڵی 2017ەوە قۆناغێکی نوێی گۆڕینی دیمۆگرافیا دەستی پێکردووە .

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی شوبات فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتێکی گشتگیر و دۆکیومێنتاریی لەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری بۆ ساڵانی (2005- 2025) بڵاوکردەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە ڕاپۆرتەکە ئەو پێشێلکارییە یاسایی و مرۆییانەی ئاشکرا کرد، کە لەو ناوچانە بەرامبەر بە کورد ئەنجام دەدرێن.

بەپێی راپۆرتەکە، ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر تەنیا گۆڕانکاریی سەربازی نەبوون، بەڵکوو کارەساتێکی مرۆیی و ئیدارییان بەدوای خۆیاندا هێناوە، بەتایبەت لە قەزای دووزخورماتوو کە ئامارەکان بەم شێوەیەن:

زیانە مرۆییەکان: 15 شەهید و 115 بریندار لە ریزی هاووڵاتیانی مەدەنی.

تاڵانکردن: 3150 ماڵی هاووڵاتیانی کورد تاڵان کراون.

سووتاندن و تەقاندنەوە: 530 خانوو و دوکانی کورد سووتێنراون یان تەقێنراونەتەوە، لەگەڵ سووتاندنی 21 کارگە و قوتابخانە.

ئاوارەبوون: زیاتر لە 53 هەزار کەس لەو قەزایە ئاوارە بوون.

"تەعریبی سپی": گۆڕینی دیمۆگرافیا لە ڕێگەی ئیدارە و کشتوکاڵەوە

راپۆرتەکە ئاماژە بە ستراتیجێکی نوێ دەکات بۆ گۆڕینی ناسنامەی ناوچەکان "تەعریبی ئیداری"، لەوانە:

داگیرکردنی پۆستەکان: گۆڕینی 10 پۆستی باڵای ئیداری لە کەرکووک و 10 پۆستی تر لە شەنگال کە پشکی کورد بوون و پێدانیان بە پێکهاتەکانی تر.

کێشەی زەوی و زار: زیندووکردنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی سەردەمی بەعس و هێنانی عەرەبی هاوردە بۆ سەر زەویی جوتیارانی کورد لە کەرکووک، داقووق و سەرگەڕان.

فۆرمی خۆراک و ناسنامە: هەوڵدان بۆ گواستنەوەی فۆرمی خۆراک و ناسنامەی هەزاران خێزانی عەرەب بۆ ناو کەرکووک.

شکستی دارایی و بەڵێنە سیاسییەکان

راپۆرتەکە وردەکارییەکی دارایی دەخاتە ڕوو؛ هەرچەندە بڕیار بوو بودجەیەکی بەرچاو بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان تەرخان بکرێت، بەڵام:

لە ساڵانی 2014، 2015 و 2018 تا 2021، حکومەتی عێراق "سفر" دیناری بۆ ئەم ماددەیە تەرخان کردووە.

کۆی ئەو پارەیەی لە ماوەی 20 ساڵدا خەرج کراوە (2.08 تریلیۆن دینار)، بەراورد بە قەبارەی زیانەکان و ژمارەی ئەو 118 هەزار دۆسیەیەی چاوەڕێی یەکلاییکردنەوە دەکەن، زۆر کەمە.

ڕۆڵی نێودەوڵەتی و بڕیارە یاساییەکان

راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNAMI) لەنێوان ساڵانی 2007 بۆ 2017 چەندین پێشنیاز و راپۆرتیان هەبووە، بەڵام جێبەجێ نەکراون. لە هەمان کاتدا، راپۆرتەکە جەخت لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ژمارە 113ـی ساڵی 2017 و 71ـی ساڵی 2019 دەکاتەوە، کە ڕێگرییان کرد لە هەوڵە یاساییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماددەی 140 و دووپاتیان کردەوە کە ماددەکە تا جێبەجێکردنی دوا قۆناغی (راپرسی) بەزیندوویی دەمێنێتەوە.

ئەم ڕاپۆرتەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەیسەلمێنێت کە ماددەی 140 تەنیا دەقێکی دەستووری نییە، بەڵکوو کێشەی نیشتەجێبوون، مێژوو و ناسنامەی نەتەوەییە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.