ئەمڕۆ هەینی، دەسەڵاتدارانی ئۆکراینا ڕایانگەیاند: "پیلانێکی دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕووسیایان بۆ تیرۆرکردنی کۆمەڵێک لە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە پووچەڵ کردووەتەوە"، کە لە نێویاندا ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی سەربازی هەبوون.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی نێوان هێزە ئەمنییەکانی ئۆکراینا و مۆڵدۆڤا، 10 گومانلێکراو دەستگیرکراون. ڕوسلان کرافتشنکۆ، داواکاری گشتیی ئۆکراینا ڕایگەیاند: "تیمەکانمان توانییان گروپێکی ڕێکخراو ئاشکرا بکەن کە خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ تیرۆرکردنی چەندین کەسایەتیی ناسراوی ئۆکراینی و بیانی."
بەپێی زانیارییەکان، 7 لە گومانلێکراوەکان لە ناو خاکی ئۆکراینا و 3 کەسی دیکە، کە یەکێکیان هەماهەنگیکاری گروپەکە بووە، لە وڵاتی مۆڵدۆڤا دەستگیرکراون.
داواکاری گشتی ئاماژەی بەوە کردووە، لایەنی ڕووسی بڕی تا 100 هەزار دۆلاری وەک پاداشت بۆ هەر کردارێکی تیرۆرکردن تەرخان کردووە، بڕی پارەکەش بەپێی پلە و گرنگیی کەسایەتییەکان دیاری کراوە. یەکێک لەو کەسایەتییە دیارانەی کە وەک ئامانجی سەرەکی ناوی هاتووە، ئەندرێ یوسۆف، بەرپرسی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە سوپای ئۆکراینا بووە کە بەرپرسی دۆسیەی گۆڕینەوەی دیلەکانە لەگەڵ ڕووسیا.
لە کاتی جێبەجێکردنی 20 ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنیندا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر پارەی کاش، چەک، تەقەمەنی و ئامێری پەیوەندیکردنی پێشکەوتوودا گرتووە کە بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکە ئامادە کرابوون.
لە لایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی مۆڵدۆڤا جەختیان لەوە کردەوە کە گروپەکە پلانی "تەسفیەی جەستەیی" بۆ چەندین کەسایەتی گشتی داڕشتبوو. ئەمەش لە کاتێکدایە کە مۆڵدۆڤا بەردەوام ڕووسیا بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات.
هەرچەندە کیێڤ لە ماوەی 4 ساڵی ڕابردووی جەنگدا چەندین جار ڕووسیای بە هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی سەرکردەکانی تۆمەتبار کردووە، بەڵام تا ئێستا مۆسکۆ هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەم ڕاگەیەندراوە نوێیەی ئۆکراینا نەداوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.