سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ماوەی تەنیا 10 رۆژی یەكلاكەرەوەیان لە پێشە بۆ رێككەوتن یان هێرشكردنە سەر ئێران.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: سەبارەت بە پرسی ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران، ماوەی 10 رۆژی یەكلاكەرەوەمان لە پێشە.
سەبارەت بە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاشتی كە بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت، رایگەیاند: كۆبوونەوەیەكی گرنگە و ئەنجوومەنەكە خۆی بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی دامەزراوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا كە زۆربەی سەركردەكانی جیهان رەزامەندییان پیشانداوە بۆ بەشداریكردن لە ئەنجوومەنی ئاشتی، بەڵام هەندێكیشیان نایانەوێ بەشداری تێدا بكەن.
میدیاكانی ئەمریكا ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاماژەیان بەوە دابوو كە واشنتن لە ماوەی هەفتەیەكدا هێرش دەكاتە سەر ئێران دوای ئەوەی لە دوو دانوستانی رابردوودا بێ هیوا بوو لە گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ئێران.
دوێنێ چوارشەممە جموجۆڵێكی گەورەی سەربازی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بینرابوو، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا چەند كەشتییەكی فڕۆكەهەڵگر و دەیان كەشتی جەنگی دیكە و هەروەها زیاتر لە 100 فڕۆكەی جەنگی هێرشبەر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرابوون، جگە لەوەش دەیان تۆن كەلوپەل و چەك و تەقەمەنی و سیستەمی دژە ئاسمانی گواسترابوونەوە.
ماڵپەڕی (ئەكسیوس) لەسەر زاری كەسانی نزیكی دۆناڵد ترەمپ گواستوویەتییەوە كە چاوەڕوان دەكرێت بەم نزیكانە هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەست پێ بكات.
پێرێ سێشەممە گەڕی دووەمی دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا لە شاری جنێفی پایتەختی سویسڕا بەڕێوەچوو، پێشتریش لە سەرەتای ئەم مانگە لە وڵاتی عومان گەڕی یەكەم بەڕێوەچووبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.