ئەنجومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بەبۆنەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، بانگەوازێکی ئاراستەی سەرجەم کەناڵ و دەزگاکانی میدیا کرد و تێیدا جەختی لە پاراستنی ئیتیكی ڕۆژنامەنووسی و شکۆی مرۆڤ کردەوە.
ڕۆژی چوارشەممە 18ـی شوباتی 2026، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لە ڕاگەیاندراوەکەیدا وێڕای پیرۆزبایی لە موسڵمانان، داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردووە لە کاتی داڕشتنی بەرنامەکانیاندا بۆ مانگی ڕەمەزان، پابەندی پرەنسیپە پیشەییەکان بن و ڕەچاوی شکۆمەندیی مرۆڤ و بەها کۆمەڵایەتییەکان بکەن.
سەبارەت بە بەرنامە خێرخوازییەکان، سەندیکا ڕایگەیاندووە: "پێویستە بەرنامەکانی هاوکاریی خێرخوازی لە چوارچێوەی یاسایی و پرەنسیپە پیشەییەکاندا بن." ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو پێشانی داوە لە هەندێک بەرنامەدا شکۆی مرۆڤ و بەها ئینسانییەکان شکێنراون، هەر بۆیە ئەگەر ئەمساڵ پێشێلکاری دووبارە ببێتەوە، سەندیکا ناچار دەبێت لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە ڕێکاری یاسایی بگرێتەبەر.
لە کۆتایی بانگەوازەکەدا، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان داوای لە میدیاکاران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردووە کە پابەندی "بەڵێننامەی شەرەفی ڕۆژنامەنووسی" بن و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا کار بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.