وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێستا هەڵگرانی مۆڵەتی نوێی شوفێری دیجیتاڵی، دەتوانن کۆپی ئەلیکترۆنیی مۆڵەتەکەیان لەسەر ئەپڵیکەیشنی KRDPass ببینن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی شوبات، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانی بۆ هاووڵاتیان، ئەپڵیکەیشنی KRDPass کە لەسەر هەردوو سیستمی ئەندرۆید و ئەپڵ وەکوو دەروازەی ئەلیکترۆنیی هاووڵاتیانی کوردستان بەردەستە.
لە ڕاگەیندراوەکەدا هاتووە: ئێستا هەڵگرانی مۆڵەتی نوێی شوفێری دیجیتاڵی، دەتوانن کۆپی ئەلیکترۆنیی مۆڵەتەکەیان لەسەر ئەو ئەپڵیکەیشنە ببینن. هەموو وردەکارییەکانی مۆڵەتی شوفێری و کۆپییەکی دیجیتاڵی کەوتووەتە بەردەست شوفێران.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بە چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنەکە کرد و گوتی: ئەپڵیکەیشنەکە بکەرەوە و وەشانی نوێی دابەزێنە (ئەپدەیتی بکە). پاشان لە بەشی جزدان، مۆڵەتەکەت ببینە.
وەزارەت ڕاشیگەیاند: لەمەودوا ئەگەر مۆڵەتی نوێی شوفێریت لە لا نەبوو، لە کاتی بینینی مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتوچۆ، دەتوانن کۆپی دیجیتاڵی مۆڵەتەکەتان لەسەر ئەپڵیکەیشنی ئاماژەبۆکراو پیشان بدەن و بێ کێشە تێپەڕ بن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.