وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە کاتی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا دەرکرد و ماوەی وانەکانی کەم کردەوە.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی پەروەردە کە ڕۆژی 16ـی شوباتی 2026 دەرچووە و واژۆی ڕەگەز ڕەشید، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی لەسەرە، ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، زاخۆ، سۆران) و بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک کراوە، تایبەت بە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، کاتی وانەکان لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی کەم دەکرێتەوە، بە شێوەیەک کە کاتی هەر وانەیەک تەنها (35) خولەک دەبێت.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم بڕیارە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان (ئینتەرناشناڵ) ناگرێتەوە و ئەوان لەسەر بەرنامەی خۆیان بەردەوام دەبن.
ئەم بڕیارە وەک ئاسانکارییەک بۆ مامۆستایان و قوتابخانەکان لە مانگی ڕەمەزاندا دەرچووە، تاوەکو کاتی دەوام لەگەڵ بارودۆخی ئەم مانگەدا گونجاو بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.