دەزگای خێرخوازیی بارزانی (BCF) لە چوارچێوەی ڕاپۆرتی ژمارە 10ی خۆیدا، ئاماری گشتیی چالاکییە مرۆییەکانی لە ڕۆژئاڤای کوردستان بڵاوکردەوە، کە تا ڕێکەوتی 14/2/2026 بەردەوام بووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، دەزگاکە لە چەندین کەرتی جیاوازدا هاوکاری پێشکەش بە لێقەوماوان و ئاوارەکان کردووە و تا ئێستا نزیک 26 هەزار خێزانی ڕۆژئاڤای کوردستان لە هاوکارییەکان سوومەند بوون.
کەرتی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان
لە کەرتی دابینکردنی خۆراکدا، دەزگاکە توانیویەتی 104,492 ژەمە خۆراکی گەرم دابەش بکات، کە زۆرینەیان لە قوتابخانەکان (589 قوتابخانە) و مزگەوتەکان (46 مزگەوت) بوون. هاوکات لە پڕۆسەی دابەشکردنی ناندا، 16,318 خێزان سوودمەند بوون و 136,332 نان لە ڕێگەی 5 فڕنەوە دابین کراوە.
هاوکارییە هەمەجۆرەکان و سووتەمەنی
لە بەشێکی تری چالاکییەکاندا، 25,829 خێزان هاوکاری جۆراوجۆریان پێ گەیشتووە. ئەم هاوکارییانە قوتابخانەکان، گوندەکان و ئاوارەکانی عەفرینی لە دەرەوەی قوتابخانەکان گرتووەتەوە.
سەبارەت بە سووتەمەنیش، بڕی 360,245 لیتر مازوت بەسەر 9,682 خێزاندا دابەش کراوە.
تەندروستی و هەلی کار
تیمە تەندروستییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە 100 قوتابخانەدا خزمەتگوزارییان پێشکەش کردووە، کە تێیدا 8,707 کەس سوودمەند بوون. هەروەها دەزگاکە توانیویەتی 1,329 هەلی کاری ڕۆژانە بۆ خەڵکی ناوچەکە بڕەخسێنێت.
گەیاندنی هاوکارییەکان
تاوەکو ئێستا 410 بارهەڵگری دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکارییان گەیاندووەتە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاڤا، لەوانە شارەکانی (قامشلۆ، حەسەکە، دێرک، گڕکێ لەگێ، تربەسپی، عاموودا و دەرباسیە).
ئەم کاروانە مرۆییانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک بەشێک لە ئەرکە بەردەوامەکانی دەزگاکە دێت بۆ پشتیوانیکردنی خوشک و برایانیان لە ڕۆژئاڤای کوردستان لە کاتە سەختەکاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.