Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 02:49

مەزڵووم عەبدی لەگەڵ شاندێکی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی سیناتۆر لیندزی گراهام کۆبووەوە

کوردستان TV
100%

مەزڵووم عەبدی لەگەڵ شاندێکی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی سیناتۆر لیندزی گراهام کۆبووەوە و ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا، ئەم ئەندامانە بە سەرۆکایەتیی سیناتۆر گراهام لە دیارترین ئەو کەسانە بوون کە بەرگرییان لە مافەکانی گەل و هێزەکانمان کردووە.

ڕۆژی شەممە 14ـی شوبات، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس (X) نووسیویەتی: "جێگەی شانازیمانە کە لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنی 2026، لەگەڵ شاندێکی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی سیناتۆر لیندزی گراهام و بە بەشداریی هەر یەک لە سیناتۆر شێڵدۆن وایتهائوس، سیناتۆر جاکی ڕۆزن، سیناتۆر پیتەر وێڵش و سیناتۆر ئاندی کیم کۆ بووینەوە".

هەروەها نووسیویەتی: "لە ماوەی ڕابردوودا، ئەم ئەندامانە بە سەرۆکایەتیی سیناتۆر لیندزی گراهام لە دیارترین ئەو کەسانە بوون کە بەرگرییان لە مافەکانی گەل و هێزەکانمان کردووە، بە جۆرێک لە پەیوەندیی بەردەوامدا بوون لەگەڵمان، گوێیان لە پێداویستییەکانمان گرتووە و لەگەڵ پێشهاتەکانی دۆخەکە لەسەر ئەرزی واقیع کارلێکیان کردووە".

مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوەش دا کە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا  ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان بینیوە لە پشتیوانیکردنی دۆزی کورد لە ڕێگەی چەندین دەستپێشخەری و یاساوە، لەوانەش پێشنیارکردنی یاسای پاراستنی کورد کە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت و شانازیی پێوە دەکەن، پشتیوانیی بەرچاویان پێشکەش کردووە.

لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا نووسیویەتی: "ئێمە سوپاسگوزاری هەموویانین بۆ هەڵوێستە نەگۆڕەکانیان لە پشتیوانیکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و پێشکەشکردنی هاوکاریی کاریگەر بە سووریا و گەلەکەی لەم قۆناغە هەستیارەدا. ئەم ئەندامانە هاوبەشی سەرەکی بوون و هەن لە چەسپاندنی دادپەروەری و ئازادی بۆ گەلەکەمان".
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.