Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 00:04

ڕۆیتەرز: ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ کۆدەبنەوە

کوردستان TV
100%

بڕیارە ڕۆژی سێشەممە جنێڤ ببێتە ناوەندی بڕیاری سیاسی و دوای کۆبوونەوەی شاندەکانی ئەمریکا و ئێران، ڕووسیا و ئۆکرانیاش دێنە سەر مێزی دانوستان. چوار وڵات لە یەک شاردا و بە دوای یەک ئامانجدا دەگەڕێن، ئەویش ڕێککەوتنی ئاشتییە.

ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو شاری جنێڤ لە سویسرا میوانداری دوو گەڕی جیاوازی گفتوگۆیەکی دیپلۆماسی بکات، یەکەمیان پەیوەست بە دۆسیەی ئێران و دووەمیان تایبەت بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بەیانی ڕۆژی سێشەممە شاندێکی ئەمریکی کە پێکهاتووە لە ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ و جارید کۆشنەر زاوای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆدەبنەوە. ئاماژە بەوەشکراوە نوێنەرانی سوڵتانی نشینی عومان وەک نێوەندگیر لەم کۆبوونەوانەدا ئامادە دەبن.

پێشتر لە 8ی شوباتدا گەڕێکی دیکەی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەنێوان تاران و واشنۆن لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو، کە تێیدا پەیامەکان لە ڕێگەی نێوەندگیرە عومانییەکانەوە ئاڵوگۆڕ کران.

تائێستا لایەنە فەرمییەکانی ئێران هەواڵی ئەم کۆبوونەوەیەی جنێڤیان پشتڕاست یان ڕەت نەکردووەتەوە. پێشتر بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاندبوو کە تەنها لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و لادانی سزاکان ئامادەی گفتوگون، هاوکات عەلی شەمخانی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بەرگری ئێران جەختی کردبووەوە کە "توانای موشەکی و پرسە بەرگرییەکان هێڵی سوورن و گفتوگۆیان لەسەر ناکرێت".

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز، دوای کۆبوونەوەکەی بەیانی لەگەڵ لایەنی ئێرانی، شاندە ئەمریکییەکە (ویتکۆف و کۆشنەر) بڕیارە لە پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژدا بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیدا بکەن لەگەڵ نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکراینا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

تائێستا وردەکاری زیاتر دەربارەی شوێنی وردی کۆبوونەوەکان لە جنێڤ و ناوی ئەندامانی شاندە ئێرانی و ڕووسی و ئۆکراینییەکان بڵاونەکراوەتەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست جیهان ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.