دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا دەردەکەوێت لە یەکێک لە ئامێرەکانی پارەڕاکێشان لە شاری هەڵەبجە، با بڕێک پارە دەبات و بە هەوادا بڵاو دەبێتەوە، پۆلیسی هەڵەبجە ڕایگەیاند، لە کاتی پڕکردنەوەی ئامێرەکە ڕوویداوە و تەواوی پارەکەش کۆکراوەتەوە.
ڕۆژی سێشەممە 10ـی شوبات، رائید قوتبەدین ئاغاوەیس، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە بڵاو کردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت لە شەقامێکی شاری هەڵەبجە بەهۆی باوە بڕێک پارە بە هەوادا بڵاو بووەتەوە و چەند کەسێک لە نزیک ئامێرێکی (ATM ) خەریکی پارە کۆکردنەوەن.
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند: دوای بەدواداچوون و پەیوەندیکردن بە تیمی بانکی RTB پێیان ڕاگەیاندین، ڕووداوەکە لەکاتێکدا ڕوویداوە کە تیمەکانیان سەرقاڵی دانانی پارەبوون لەناو ئامێرەکەدا.
سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکە گوتی: "سەری یەکێک لەو بۆکسانەی کە پارەکەی تێدا بووە لاچووە و لەو کاتەدا بایەکی بەهێز پارەکەی بڵاو کردووەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، دواتر توانراوە سەرجەم بڕی پارەکە کۆ بکرێتەوە، هیچ کێشەیەکی تەکنیکی لە ئامێری ATM ـەکەدا نەبووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.