Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 07:02

نێچیرڤان بارزانی پيرۆزبايى له‌ يه‌كێتيى نووسه‌رانى كورد ده‌كات

کوردستان TV
100%

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یادی 56 ساڵەی دامەزراندی یەکێتی نووسەرانی کوردی کردەوە و رایگەیاند، نووسەران هەمیشە پێشەنگی چەسپاندنی بەها مرۆیییەکان و قووڵکردنەوەی کولتووری لێبوردەیی، پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن بوون.

دەقی پەیامی پیرۆزبای سەرۆکی هەرێم:

یادی پەنجا و شەش ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد به‌ گەرمى لە مەڵبەندی گشتی و تەواوی نووسەران و ڕۆشنبیرانی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە پيرۆز دەکەم. هیوای بەردەوامی، داهێنان و سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازم.

لەم یادەدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆره‌وه‌ لە مێژوو و خزمەتی زیاتر لە نیو سەدەی یەکێتیی نووسەرانی کورد دەڕوانین. ئه‌وان لە هەموو قۆناخە جیاوازەکانی تێکۆشاندا، بە خامە و بیریان، سەنگەرێکی پتەوی پاراستنی زمان، وێژە و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی کوردستان بوون و ڕۆڵێکی كارايان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدا گێڕاوە.

نووسەران هەمیشە پێشەنگی چەسپاندنی بەها مرۆیییەکان و قووڵکردنەوەی کولتووری لێبوردەیی، پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن بوون. ئه‌مڕۆش چاومان لە ڕۆڵی کاریگەر و بەرپرسیارانەی نووسەرانە تاکوو بە بەرهەمە جوانەکانیان، هەوێنی تەبایی، یەکڕیزی و پاراستنی دەستکەوتە دیموکراسی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بن.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی نووسەرانی شەهید و هەموو ئەو نووسه‌ره‌ کۆچکردووانە دادەنەوێنین کە تەمەنیان لەپێناو خزمەتی وشەی کوردی و ئازادیدا بەخشی. یادیان هەمیشە بە خێر.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/2/10

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.