دوو سەربازی سوپای عێراق لە سنووری دووبز بە هەورەبروسکە بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی کەرکووک کران، بەگوێرەی زانیارییەکان دۆخی تەندروستیان جێگیرە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، هەڵۆ جەباری پەیامنێری (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: لە سنووری قەزای دووبز، لە بارەگای فەوجی 1ی لیوای 32ی سوپای عێراق، دوو سەرباز لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکدا هەورەبروسکە لێی دان و بەو هۆیەوە تووشی سووتان بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، سەربازەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەرکووک کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەر. یەکێکیان بە ناوی (و. ف. ئـ) لەدایکبووی ساڵی 1976 و دانیشتووی پارێزگای بەسرەیە، کە ڕێژەی سووتانی جەستەی 10٪ـە. سەربازی دووەم ناوی (ق. ح. ح) و لەدایکبووی ساڵی 1984 و دانیشتووی پارێزگای دیوانییەیە، کە ڕێژەی سووتانی جەستەی بە 8٪ خەمڵێنراوە.
پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەش دا، کە لە ئێستادا نەخۆشخانە تەواوی ڕێکارە تەندروستییەکانی بۆ گرتوونەتە بەر و دۆخی تەندروستیی هەردوو سەربازەکە جێگیرە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.