Erbil 31°C ھەینی 26 حوزەیران 11:29

هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان چڕ دەکرێنەوە

کوردستان TV
100%

لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە خولی (92)ی لێژنەی ڕێککەوتنامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک دژ بە ژنان (سیداو) لە جنێڤ، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ نەهلە حەیدەر، سەرۆکی لێژنەی ڕێککەوتنامەی (سیداو) کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو باشترکردنی چوارچێوە یاسایی و دامەزراوەییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی مافی ئافرەتان. هەردوولا هاوڕابوون کە سەرەڕای هەنگاوە گرنگەکان، بەڵام ئاڵنگارییەکان هێشتا بەردەوامن و پێویستییان بە هاوکاری نێودەوڵەتی چڕتر هەیە، بەتایبەت لە بواری ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکان و دابینکردنی پاڵپشتی تەکنیکی و دارایی بۆ زامنکردنی بەردەوامی پڕۆژەکان.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ تاووتوێکردنی کارە لەپێشینەکانی داهاتوو، کە تێیدا جەخت لەسەر گرنگی تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ زیادکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوونی ئافرەتان و خزمەتگوزارییەکانی پاراستن کرایەوە. هەروەها جەخت لە بەهێزکردنی بەرنامەکانی پاڵپشتی دەروونی، یاسایی و تەندروستی کرا، لەگەڵ پەرەپێدانی تواناکانی دەسەڵاتی دادوەری و دام و دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی تووندوتیژی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە گرنگی تواناسازی ئابووری ئافرەتان و ڕزگاربووانی دەستی تووندوتیژی کرا، لە ڕێگەی ڕەخساندنی هەلی کار و خولی ڕاهێنانی پیشەیی و پێشکەشکردنی قەرزی بچووک بۆ پڕۆژە تایبەتەکان. هاوکات جەخت لە پێویستی پاڵپشتیکردنی بەرنامەکانی هۆشیاری کۆمەڵایەتی کرایەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، نوێنەرانی ئایینی، کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن.

لە کۆبوونەوەکەدا بایەخێکی تایبەت درا بە گرووپە لاوازەکان، لەوانە ئافرەتانی ئاوارە و نیشتەجێی کەمپەکان، بەتایبەتی ئافرەتە ئێزیدییە ڕزگاربووەکانی دەستی داعش و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان.

لە کۆتاییدا، هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی نێودەوڵەتی بۆ گونجاندنی یاسا و سیاسەتە نێوخۆییەکان لەگەڵ ڕێککەوتنامەی (سیداو) و میکانیزمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان زەرورەتێکی هەنووکەییە. جەختیش کرایەوە کە پاراستنی مافی ئافرەتان تەنها بەرپرسیاریەتێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو پابەندبوونێکی مرۆیی هاوبەشە و پێویستی بە هەماهەنگییەکی نێودەوڵەتی ڕاستەقینە هەیە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.