ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، ژان نویل بارۆت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا به سه‌ردانێك گه‌یشته دیمەشق و دووپاتی کردەوە کە شەڕی دژی داعش ئه‌وله‌ویه‌تی وڵاته‌كه‌یه‌تی و داواشی لە دەسەڵاتدارانی سوریا کرد پابەندی ئەو ڕێککەوتنە بن کە لەگەڵ هێزە کوردییەکان کراوە.
ئاژانسی "فرانس پرێس" له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی دیپلۆماسییه‌وه ڕاگەیاندووه، ژان نویل بارۆت وەزیری فەرەنسا ئه‌مڕۆ پێنجشەممە لە دەستپێکی گەشتێکی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتە دیمەشق و تاوتوێی پرسەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و کاردانەوەکانی ئاڵۆزییه‌كانی نێوان ئەمه‌ریکا و ئێران خسته‌ڕوو له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای حكوومه‌تی كاتیی سوریا.
دوابەدوای دیدارەکەی لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی هاوتا سورییەکەی لە دیمەشق، بارۆڵ گوتی، "ماوەی دە ساڵە فەرەنسا لە عێراق و هەروەها لە سوریاش بە بێ وەستان دژی تیرۆریستانی داعش شەڕی کردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "هاتووم بۆ دووپاتکردنەوەی نیازی به‌رده‌وامی فه‌ره‌نسا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له ناوچه‌كه و له سوریا."
بڕیارە ڕۆژانی هەینی و شەممە سەردانی لوبنان بکات، بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێک کە ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن پاسکال کۆنفاڤرۆ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بڵاوكرایه‌وه.
گەشتەکەی بارۆ بۆ ناوچەکە چەند ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە سعوودییە دێت کە ساڵی ڕابردوو سوریا پەیوەندی پێوەکرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.