جەمال عومەر (جەمالى دەلاک)
4/2/2026 سلێمانى
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ناوەڕاست و تا حەفتاو هەشتاکانى سەدەى پێشوو، پەیمانگاى هونەرەجوانەکان، خانەى مامۆستایان و چالاکى قوتابخانەکان پیرۆزترین و باڵاترین شوێنى فێربوون و پەروەردەکردن و ڕاهێنانى ئارەزوو مەندانى موزیک بووە و کۆمەڵێک هونەرمەندى بەتوانا دەرچووى ئەو شوێنانە بوون،هەروەها تیپى موزیکى سەربازیی چ لەڕۆژهەڵات و باشوورى کوردستان، پێگەو توانا فێرکردنە هونەرییەکانى لەوان کەمتر نەبووە، لەهەردوو بەشى (باشوور و ڕۆژهەڵاتى کوردستان) کۆمەڵێک هونەرمەند لەو ڕێگایەوە فێربوون و بەدەست و پل و پەنجەو سینەیان کەوتنە خزمەت و بەرەوپێشبردنى هونەرى موزیک و ئاواز و گۆرانى کوردى.
یەکێک لەوهونەرمەندانەى کەماوەى نیوسەدە زیاتر لەڕێی ژەنینى ئامێرە فوودارەکەیەوە (قەرەناى یان کلارنێت) خزمەتى کردووە و دڵسۆزانە تێکۆشاوە، سۆڵۆى ئامێرەکەى ئاوێتەى دەنگى بەسۆزى زۆر لەگەورە هونەرمەندانى کورد بووە.
عەباس نیروومەند هونەرمەندە دێرینەکەى شارى سنە..!
لەڕێکەوتى (23/6/1931) لە گەڕەکى (جەورئاوا) ى شارى سنەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان چاوى بەدنیا هەڵهێناوە، قۆناغەکانى خوێندنى هەرلەوشارەدا تەواوکردووە.
کاتێک تەمەنى گەیشتۆتە (18) ساڵ، واتە ساڵى (1949) عەباس نیروومەند بۆتە سەرباز لەسەردەمى ڕژێمى شاهەنشاى ئێران.
هونەرمەند عەشق و خولیا و ئارەزووى بۆ موزیک هەبووە، لەکاتى ئەرکى سەربازیداپەیوەندى دەکات بە دەستەى موزیکى سەربازىیەوە، یەکەم مامۆستای عەباس نیروومەند لە گرووپى مۆسیقاى سەربازى ئەفسەرێک بەناوى (جەلیل موقەدەمى) ژەنیارى ئامێرى کلارنێت بووە.
عەباس نیروومەند هاوڕێیەتى لەگەڵ جەلیلى موقەدەمى دروست دەکات و لەژێر سایەو زانستى هونەرى موزیکى ئەو هاوڕێ و مامۆستایەى درێژەى بەفێربوون و کارى هونەریی داوە و خۆى پێگەیاندووە.
لەساڵى (1948) ڕادیۆى شارى سنە دادەمەزرێت و دەست بەپەخشى بەرنامەکانى دەکات وەک سێیەمین ڕادیۆ دواى ڕادیۆى (تاران و تەبرێز)، سەرەتا کۆمەڵێک هونەرمەندى ژەنیار لەڕادیۆى ناوبراو وەک گرووپێکى موزیک، هاوکارى هونەرمەندان بوون بۆ خوێندنى گۆرانییەکانیان لەڕادیۆى سنە لەوسەردەمەدا، لەو ڕوانگەیەوە هونەرمەندى گۆرانیبێژ (حسێنی شەریفی 1951 گەڕەكی قەتارچیانی شاری سنە) لەدیدارێکیدا بەناوى ئەو هونەرمەندانە ئاشنامان دەکات کە بریتى بوون لە :
1/ حوسێن فەلسەفی، ئامێری (سەنتوور).
2/ نەسرەتوڵڵا حەدادی(24/10/1929_ 1998)، ئامێری (كەمان _ڤیۆلۆن) ئەمە ڕەهبەری ئۆركێست بوو، كورد بوو.
3/ گریشازادە (گریشا میكائیل زادە28/8/1929_6/4/1999)، ئامێری (كەمان-ڤیۆلۆن) بەئەسڵ قەوقازی بوو.
4/ فەرەیدون برۆخیم، ئامێری (زەڕب) كوردێكی بەئایین جوولەكە بوو.
شایانی باسە ئەو ئۆركێسترا چوار موزیكژەنەی ڕادیۆی سنە لەگەڵ گۆرانیبێژان : (حەسەن زیرەك، بەهادینی نەوروزی، مەزهەری خالقی، حیکمەتى نەوبەری، وەلیدی شەریفی باوكی فەتانە و حوسێنی شەریفی) بەشدارییان كردووه(1).

دواى تەواو کردنى سەربازى و شارەزاییەکى باشى لە ژەنینى ئامێرى کلارنێت لەڕووى زانستییەوە بەدەست دەهێنێ، هونەرمەند عەباس نیروومەند لەساڵى (1955) دەبێتە هاوڕێی و هاوکارى هونەرمەندان (حەسەنى کامکار 22/3/1923_14/5/1992)، (حەسەن یوسف زەمانى1931 سنە_16/8/2009 کەنەدا)، (حسێن یوسف زەمانى1933 سنە_31/12/2013 تاران)، (گریشا میكائیل زادە28/8/1929_6/4/1999) و (حوسێنی فەلسەفی(سەنتوور)، بەتایبەت هونەرمەندى ژەنیار و ئاوازدانەر(حەسەنى کامکار) ئەویش دەرچووى قوتابخانەى موزیکى سەربازى بووە و لەوێوە فێرى موزیک و نووسینەى نۆتەى موزیک بووە، پێکەوە لەگەڵ چەند هونەرمەندێکى دیکە لەڕادیۆى شارى سنە، ئۆرکێستراى ڕادیۆ دادمەزرێنن و تێدەکۆشن و خزمەت بەهونەرى موزیک و گۆرانى دەکەن و ژێرخانى هونەرى موزیک و گۆرانى شارى سنەو دەوروبەرى زیندوو دەکەنەوە و لەفەوتان ڕزگارى دەکەن.
هونەرمەند عەباس نیروومەند بەهاوکارى هونەرمەند حەسەنى کامکار، خزمەتێکى زۆر بەهونەرمەندان (حەسەن زیرەک، مەزهەر خالقى، ساڵەح پیرزوهەیرى، فەتانە وەلیدى، بەهادین نەوروزى، مەهدى حوجەتلسادات، شەریف وەلیدى، فەرەیدونى ئەردەڵان، باباشەهابى، عەباس کەمەندى، شەهێن تاڵەبانى، محەمەد عەزەم، ئیرەج عەندەلیبى، حسێن شەریفى، هوشەنگ شگرف و...تاد) و مێژوویەکى پرشنگدار بۆ خۆیان و ڕادیۆ و شارى سنە تۆماردەکەن.
هونەرمەند ڕۆڵێکى گرنگى گێڕاوە لە بوارى هونەرییدا، جگە لە ئۆرکێستراى ڕادیۆى سنە، یەکێک بووە لەدامەزرێنەرانى گرووپى مۆسیقاى کاروبارى پەروەردەیی لەشارى سنە، وەک مامۆستایەکى هونەر ئەرکى کێشاوە لەفێرکردنى قوتابیان و بەهرمەندان و ئارەزوو مەندانى موزیک، ئەم گرووپە گەشتى هونەریی لەشارەکانى ئێران دا کردووە بەتایبەت ئۆردوگاى (ڕامسەر) بەهۆى چالاکییە هونەرییەکانیان خەڵاتى (نیشانى لیر) وەردەگرن.
هونەرمەند عەباس نیروومەند یەکێکى تر لە کار و چالاکییە هونەرییەکانى کردنەوەى خولى ڕاهێنان و فێرکردنى قوتابییە کەم دەرامەت و بێسەرپەرشتەکان بووە و لەوبوارەشدا ڕۆڵێکى دڵسۆزانەى گێڕاوە.
عەباس نیروومەند وەک هونەرمەندێکى سەرکەوتووى ژەنیارى ئامێرى کلارنێت، بەشداربووە لە چەند گۆرانییەکى هونەرمەند (ناسرى ڕەزازى، 21/6/1955 سنە)، گۆرانی(حەریرە، چی یە ئەی گوڵ؟!، لیمۆ هەی لیمۆ، دەنا كورتێ، ئێوارەیە وا هەڵگرە ساگۆزەی تازە و سەوزەهای لیمۆ و شیرینە سەوزە) لەگەڵ ئەم هونەرمەندە ژەنیارانە ئەو کاسێتەیان تۆمارکردووە(گریشا میكائیلزاده _ ڤیۆلۆن)، هونەرمەند(میكائیل گریشا میكائیلزادە-ئۆكۆردیۆن)، هونەرمەند (بەهزاد هۆمایۆنڕوز- زەب، بەداخەوە لەژیاندا نەماوە) و هونەرمەند(خەلیل چاڵە چاڵە، 18/10/1948-28/11/2015، ژەنیاری تار).
هونەرمەند عەباس نیروومەند دواى ئەو خزمەتە زۆرەى بەهونەرى موزیک و ئاواز و گۆرانى و هونەرمەندان، مێژوویەکى جوانى لە تەوێڵى هونەرى موزیک لەشارى سنەدا تۆمارکردووە، هەرکاتێک باس لەئۆرکێستراى ڕادیۆى سنە بکرێت ناو و کارەهونەرییەکانى عەباس نیروومەند بەرجەستە دەبێت، بەڵام بەداخەوە تەمەن هەڵدەکشێ و پیرى بەرۆکى پێدەگرێت و دەست و پەنجەو سینەى وەک جاران نامێنێ و هێدى هێدى لەهونەر و ئامێرە دڵخوازەکەى (کلارنێت) دووردەکەوێتەوە، عەباس نیروومەند لەتەمەنى (85) ساڵیدا، لەڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (28/9/2016) بۆهەمیشە چاوەکانى دادەخات و ژیانئاوایی لە کێوى ئاویەر و شارە جوانەکەى سنە دەکات، تەرمى هونەرمەند عەباس نیروومەند لە گۆڕستانی (بەهەشت محەمەدی) ئەسپەردەی خاكی پیرۆزی خاكی كوردستانی دەکرێت.
ڕۆحى شاد و یاد و یادەوەرییەکان و هونەرەکەى هەردەم بەرزو پر شکۆ بێت.
سەرچاوە:
چاوپێكەوتن لەگەڵ هونەرمەند حوسێنی شەریفی، دیمانە : وریا ئەحمەد، گۆڤاری (چلاواز) ژمارە(31) ئەیلولی (2008)، لاپەڕە(34).
بەسوپاسەوە سوودم لە هەردوو کتێبى (نامداران موسیقى سنندج) لەنووسینى (ئیحسان مردۆخ ڕۆحانى) و کتێبى (تاریخ موسیقى سنندج) لە کۆکردنەوە وئامادەکردنى (مستەفا زارعى) وەرگرتووە و سوپاسیان دەکەم.(ج،د).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.