بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، هێزەکانیان توانییان لە ئۆپەراسیۆنێکی خێرادا و لە ماوەی کەمتر لە 20 کاتژمێردا بکەرانی سەرەکیی ڕووداوی هەڵکوتانە سەر نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی دەستگیر بکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش، پاش ئەوەی بڕێک پارە لە نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو دزرا، هێزەکانیان بەدواداچوونی ورد و بەردەوامیان بۆ سەقامگیریی شارەکە دەستپێکرد. لە ئەنجامدا توانرا هەردوو تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکە دەستنیشان بکرێن و دەستگیر بکرێن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە لە کاتی دەستگیرکردنیاندا، دەستبەسەر تەواوی پارە دزراوەکە و ئەو چەکەی لای تۆمەتباران بووە و لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا بەکاریان هێنابوو گیراوە.
لە ئێستادا هەردوو تۆمەتبار بەپێی ماددەی (443) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخراوە و ڕێکارە یاساییەکان لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.