بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، لیژنەی لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکان هەڵدەستێت بە سووتاندن و لەناوبردنی زیاتر لە 120 کیلۆ ماددەی هۆشبەر و حەبی هۆشبەری جۆراوجۆر.
لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش/ هەولێر ڕایگەیاند، لیژنەی لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکان لە بەردەوامی کارەکانیان، هەڵدەستێت بە سووتاندن و لەناوبردنی بڕی 120 کیلۆ و 464 گرام لە ماددەی هۆشبەر و حەبی هۆشبەری جۆراوجۆر.
ماددەکان پێکهاتوون لە (کریستاڵ، هێرۆین، تلیاک، حەشیش، ماریجوانە، گراس، یەک تۆپ قوماش، دوو دانە قەمسەڵە و دوو دانە کڵاو کە ڕووپۆشکراون بە ماددەی هۆشبەر).
هەروەها، 38 دانە جگەرەی هۆشبەر، 8 دانە دەرزی هۆشبەر، 22 دانە شرووبی هۆشبەر و 898 دانە لە کەلوپەل و ئامێری بەکارهێنان و کێشانی ماددەی هۆشبەر.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشدا هاتووە، لە ماوەی ڕابردوودا بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، (2113 دۆسیەی ساڵانی 2023 -2024 - 2025) ڕەوانەی دادگای تایبەتمەندەکانی کەتن و تاوان کردووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، دۆسیەکان یەکلایی کراونەتەوە و پلەی بنبڕیان وەرگرتووە، بەپێی ماددەی (40) لە یاسای ژمارە (1)ـی ساڵی 2020.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش ڕوونی کردووەتەوە، لە ساڵی 2023ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ، توانراوە بڕی 1747 کیلۆ و 500 گرام ماددەی هۆشبەر، حەبی هۆشبەری جۆراوجۆر، 147000 شیت حەبی تر و 1959 دانە حەبی فەل جۆراوجۆر، هەروەها 6633 دانە دەرزی و شرووبی هۆشبەر و ماوە بەسەرچوو و 2866 دانە لە کەلوپەل و ئامێری بەکارهێنان و کێشانی ماددەی هۆشبەر بە چەند قۆناغێک سووتێنراوە و لەناوبراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.