سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە لە لایەن پێشکەشکاری خەڵاتی (گرامی) سەبارەت بە پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ جێفری ئەپستین، تاوانباری تاوانە سێکسییەکان، ئاراستەی کرابوو.
ڕۆژی دووشەممە 2ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تروس سۆشیاڵ لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی تریڤۆر نۆح، پێشکەشکاری کۆمیدی ئەمریکی و پێشکەشکاری خەڵاتی (گرامی) ئاراستەی کردبوو، نووسیویەتی: "نۆح بە هەڵە لە بارەی منەوە گوتویەتی کە دۆناڵد ترەمپ و بیڵ کلینتۆن کاتیان لە دوورگەی ئەپستین بەسەربردووە، ئەمە ڕاست نییە".
سەرۆکی ئەمریکا ڕوونیکردەوە، ئەو ناتوانێت لە شوێنی بیڵ کلینتۆن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا وەڵام بداتەوە، هەروەها نووسیویەتی "من هەرگیز سەردانی دوورگەی ئەپستینم نەکردووە، تەنانەت نزیکی ئەو شوێنەش نەبووم، هەرگیز تۆمەتبار نەکراوم لەوێ بووبم، تەنانەت لە لایەن میدیا درۆزنەکانیشەوە".
تریڤۆر نۆح، پێشکەشکار لە 68ـەمین ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی (گرامی) پیرۆزبایی لە بیلی ئایلیش کرد بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە و گوتی: "پیرۆزە بیلی ئایلیش، ئەمە جۆرێکە لە خەڵاتی گرامی کە هەموو هونەرمەندان ئاواتی بۆ دەخوازن، وەک چۆن ترەمپ چاوی بڕیوەتە گرینلاند".
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئەمە لۆژیکییە، چونکە دوای نەمانی ئەپستین، پێویستی بە دوورگەیەکی نوێیە تا لەگەڵ بیڵ کلینتۆن کاتەکەی تێدا بەسەر ببات".
ڕۆژی هەینی وەزارەتی دادی ئەمریکا زیاتر لە سێ ملیۆن لاپەڕەی لە دۆسیەکانی ئەپستین بڵاو کردەوە کە لە بەشێک لەو دۆسیانە باس لە پەیوەندی دۆناڵد ترەمپ و بێڵ کلینتن بە جێفری ئەپستینەوە دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.