لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا پەیامی سوپاس و پێزانینی دۆناڵد ترەمپی گەیاندە سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆڵی کاریگەری لە هێنانەدیی ئاگربەست و ڕێککەوتن لەنێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە، هاوکات داوای لێ کرد ڕۆڵی خۆی لە دۆخی عێراقیشدا بگێڕێت.
ڕۆژی هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و تۆم باراک، نێردەی تایبەتیی سەرۆک ترەمپ بۆ کاروباری سووریا ئەنجام درا.
لە پەیوەندییەکەدا تۆم باراک بە ناوی خۆی و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە، سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەو ڕۆڵ و هەڵوێستە بەرچاوانەی لە هێنانەدیی ئاگربەست و پشتیوانیی دیالۆگ لەنێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) خستوویانەتە ڕوو. هەروەها ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە هێنانەدیی ڕێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان دیمەشق و هەسەدە بەرز نرخاند.
سەرۆک بارزانی وێڕای سوپاس و پێزانینی بۆ سەرۆکی ئەمریکا و هەموو ئەو لایەنانەی ڕۆڵیان لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکاندا هەبووە، پشتیوانیی خۆیشی بۆ ڕێککەوتنەکەی ئەمڕۆ (30ـی کانوونی دووەم) لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی دەربڕی.
تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکە تایبەت بوو بە دۆخی عێراق، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا داوای لە سەرۆک بارزانی کرد کە لە دۆخی سیاسیی ئێستای عێراقدا ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی خۆی بگێڕێت.
سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە مەرجی سەرەکیی سەقامگیری و چارەسەری کێشەکان، جێبەجێکردنی دەستوور و پابەندبوونە بەوەی پێکهاتەکانی عێراق خۆیان بڕیار لە چارەنووسی وڵات بدەن و سەروەریی عێراق بپارێزن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.